کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان بۆ پشتیوانی لە ڕۆڵەکانی خۆی مانی گرت

10:07 - 18 بەفرانبار 2725

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، دوابەدوای بانگەوازی ٧ حیزبی کوردستان بۆ مانگرتنی گشتی بە مەبەستی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئێران و مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیم لە ناوچەکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان، مانگرتنی گشتی لە شارەکانی کوردستان دەستی پێ کرد.

بەپێی زانیارییەکان ئەم مانگرتنە تاکوو ئێستا لە شارەکانی بۆکان، ڕوانسەر، سنە، سەقز ، مەریوان و مەهاباد دەستی پێ کردووە و خەڵک بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان، ناڕەزایەتیی خۆیان بە کشتوبڕی لاوانی کورد دەربڕی.

ناڕەزایەتییەکانی ئەمساڵ لە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە لە بازاڕی گەورەی تاران دەستیان پێ کرد، و کاسبکاران لە کاردانەوە بە دابەزینی نرخی ڕیاڵ، هەڵاوسانی زۆر و گرانیی کاڵا سەرەکییەکان، دووکانەکانیان داخستن و ئەم مانگرتنە بەخێرایی بوو بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەر شەقامەکان.

پرسی سەرەتایی ناڕەزایەتییەکان ئابووری و بژیو بوو، بەڵام وردەوردە لە زۆربەی شارەکاندا بوو بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی ڕێژیم و دروشمگەلێک دژی نیزام و ڕێبەرەکانی.