سەید نەسرەدین حەیدەری ڕێبەری ئایینیی یارسان لە دووتوێی نامەیەکدا وێڕای مەحکوومکردنی توندویژیی دژی ناڕازییان و خۆپیشاندەران لەلایەن ڕێژیمەوە، هەر جۆرە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانێکی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و کوردستانی بە ڕەوا زانی.
ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی، کەسایەتیی دیاری ناوچەی کرماشان و ئیلام و ڕێبەری ئایینیی یارسان لە دووتوێی نامەیەکدا و لە هەڵوێستێکی بوێرانەدا، بە ئاماژەدان بە دۆخی نالەباری ئابووری کۆمەڵایەتیی خەڵکی ئێران و خواستی خەڵکی ئێران بۆ وەدیهاتنی مافەکانیان، پشتیوانیی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە کرد و بە ڕەوای لە قەڵەم دا.
هەروەها لە کۆتایی نامەکەیدا، هەر جۆرە چالاکییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و قسە و باسی هەندێک لایەن کە لە زاری ناوبراوەوە بڵاو کراوەتەوەی بەدرۆ خستەوە.
شایانی باسە بەنیسبەت بەشی کۆتایی نامەکەی سەید نەسرەدین، هەر دوو کوڕی ناوبراو بە ناوەکانی سەید نەجمەدین و سەید جەلالی حەیدەری لە نامەیەکدا بۆ ڕای گشتی باسیان لەوە کرد کە بنەماڵەی ناوداری حەیدەری لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا هیچ جۆرە چالاکییەکیان نییە و بڵاوکردنەوەی هەر بانگەشە و لێدوانێک بە ناوی ئەو بنەماڵەوە لەو جۆرە ماڵپەڕ و ڕایەڵانەدا، درۆیە.