بەپێی نوێترین زانیارییەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، ژمارەیەکی بەرچاو لە شارەکانی کوردستان بۆ پشتیوانی لە بانگەوازی ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری، مانگرتنیان دەست پێ کرد.
بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتوون، هەتاکوو ئێستا لە شارەکانی سنە، سەقز، کامێران، بانە، مەریوان، بۆکان، شنۆ، مەهاباد، دزەی مەرگەوەڕ و ڕوانسەر خەڵک بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان، پەیوەستبوونی خۆیان بەم مانگرتنە گشتییە ڕاگەیاندووە.
ڕۆژی سێشەممە، ١٦یی بەفرانبار، ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری پێکهاتوو لە ٧ حیزبی پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بانگەوازێیان بۆ مانگرتنی گشتی لە کوردستان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئێران و مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیم لە ناوچەکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان بڵاو کردەوە.
ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری ڕایگەیاندبوو: ئێمە سەرکوتی خۆپێشاندانەکان و گرتنی خەڵکی ناڕازی و مافخوازی ئێران کە سیاسەتی هەمیشەیی دەسەڵاتی ئێران بووە، بە توندی مەحکووم دەکەین و بە مەبەستی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان و هاوپێوەندی لەگەڵ هاونیشتمانانمان لە کرماشان، ئیلام و لوڕستان داوای مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤دا دەکەین.