کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکپارچە لە مانگرتندایە

11:48 - 18 بەفرانبار 2725

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، خەڵک لە شارەکانی کوردستان، بەدەم بانگەوازی ٧ لایەنی سیاسییەوە چوون کە داوای مانگرتنێکی گشتی بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئێران و مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیم لە ناوچەکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستانیان کردبوو.

بەپێی نوێترین زانیارییەکان کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتوون، هەتا ئێستا خەڵک لە شارەکانی ورمێ، سنە، سەقز، بۆکان، مەریوان، مەهاباد، ڕوانسەر، شنۆ، بانە، پیرانشار، ڕەبەت، پاوە، کرماشان و دووکان و بازاڕییان داخستووە.

بەپێی زانیارییەکان، لە شارەکانی کوردستاندا هێڵی ئینتێرنێت بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز کراوە.

سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیم لە شارەکانی وەک سەقز، بۆکان و مەریوان هێزێکی زۆری لیباس شەخسیشی جێگیر کردووە کە هەوڵی پێشگرتن لە هەڵگرتنی وێنە و ڤیدییان داوە و لە چوارڕێیانەکاندا هێزی پۆلیس جێگیر کراوە.

لە هەندێک لە شارەکاندا تلفۆن بۆ دووکاندارەکان کراوە و پێیان ڕاگەیاندوون کە دەبێ دووکان و بازاڕەکان بکەنەوە.

زانیارییەکان باس لە سووڕانەوەی پەهباد بەسەر ئاسمانی هەندێ لە شارەکانی کوردستاندا دەکەن.

ناڕەزایەتییەکانی ئەمساڵ لە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە لە بازاڕی گەورەی تاران دەستیان پێ کرد، و کاسبکاران لە کاردانەوە بە دابەزینی نرخی ڕیاڵ، هەڵاوسانی زۆر و گرانیی کاڵا سەرەکییەکان، دووکانەکانیان داخستن و ئەم مانگرتنە بەخێرایی بوو بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەر شەقامەکان.

پرسی سەرەتایی ناڕەزایەتییەکان ئابووری و بژیو بوو، بەڵام وردەوردە لە زۆربەی شارەکاندا بوو بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی ڕێژیم و دروشمگەلێک دژی نیزام و ڕێبەرەکانی.

ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی بەفرانبار، ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری پێکهاتوو لە ٧ حیزبی پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بانگەوازێیان بۆ مانگرتنی گشتی لە کوردستان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئێران و مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیم لە ناوچەکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان بڵاو کردەوە.