
ڕەزا دانشجوو
ئابووریی نەخۆش و پێکهاتەی سیاسیی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی، ڕێژیمی تارانی لە زەلکاوێکدا گیر خستووە کە تەنانەت لە ڕوانگەی گەشبینترین لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیشەوە، دەربازبوون لێی مەحاڵ و ئەستەم دەنوێنێت.
داڕمانی بەهای ڕیاڵ ئیتر توانایەکی بۆ ئەم ئابوورییە دەوڵەتی و ڕانتییە نەهێشتووەتەوە. سیستەمێک کە هەر لە کاتی جێگیربوونی کۆماری ئیسلامییەوە تا ئێستا لە بازنەیەکی بەتاڵ و داخراودا لە دەستی سەرانی گەندەڵی ڕێژیمدا دەخولێتەوە! کۆماری ئیسلامی کە بە بەڵێنی ئاو و کارەبای بەخۆڕایی هاتە سەر کار، ئێستا لە کۆنترۆڵکردنی نرخەکان تەنانەت بۆ چەند ڕۆژێکیش دەستەوەستانە و لە لێواری داڕمانی تەواوەتیی ئابووریدایە!
سیستەمی کۆپینیی کۆماری ئیسلامی کە لە سەرەتای تەمەنی نەنگینی ڕێژیمدا بۆ ڕازی ڕاگرتنی توێژی هەژاری کۆمەڵگە داڕێژرابوو، دواتر لەژێر ناوی یەکخستنی نرخەکان لەنێو چوو و بژێویی خەڵکی سەختتر و زەحمەتتر کرد. ئێستا ئەم سیستەمە بە شێوەیەکی سەیر سەری هەڵداوەتەوە بەم جیاوازییە کە مەودای چینایەتی زیاتر لە هەر کاتێکی تر خۆی نیشان داوە و دانیشتووانی نەدار و هەژاری کۆمەڵگە زیاتر و زیاتر بوون!
گەڵاڵەی بەناو تایبەتیکردن کە لە ڕاستیدا ڕادەستکردنی سیستەمی ئابووریی وڵات بە فەرماندەکان و کارتێلەکانی سپای تیرۆریستی پاسداران بوو، دۆخەکەی خراپتر کرد. ئەمە دەستپێکی پرۆسەیەک بوو کە لە زانستی ئابووریدا وەک "گەندەڵیی سیستەماتیک" ناوی لێ دەبرێت و ماناکەی ئەوەیە کە سیستەمێک دەگاتە ئاستێک لە گەندەڵی کە بۆ درێژەدان بە ژیانی خۆی ناچارە گەندەڵی بەرهەم بهێنێتەوە و سیستەمەکە لە نێوەوە خۆی لەنێو دەبات.
شەڕخوازییەکان، قسە پووچەکان و بەرزەفڕییە بێبەرهەم و بێهۆکارەکانی ڕێژیم کە تەنیا دەستکەوتەکەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بوو، دوایین وزە و توانای ئەم سیستەمە گەندەڵەشی گرتووە.
داڕمانی بەهای ڕیاڵ کە لە ساڵانێک پێش ئێستاوە دەستی پێ کردبوو، لە چەند مانگی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بێوێنە زیادی کردووە و ئێستا بەکردەوە ئیمکانی هەر جۆرە مامەڵەیەکی پەک خستووە.
ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانی ڕابردوو کە بە مەیدانداریی بازاڕیان دەستی پێ کرد و ئێستا بۆ زانکۆکانیش پەلی هاویشتووە، جارێکی تر نیشانی دا کە دۆخی کۆماری ئیسلامی چەندە لەرزۆک و ناسەقامگیرە.
لێدوانەکانی سەرانی کۆماری ئیسلامی، لەوانە پزیشکیان، سەرۆککۆماری دەستنیشانکراوی خامنەیی، و قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، کە وەک هەمیشە هەوڵیان دا بە گرێدانی ناڕەزایەتییەکان بە دەرەوەی سنوورەکان بیروڕای گشتی بەرەو لایەکی تر بەلارێدا ببەن، بە توندبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان شکستیان هێنا.
ئاوڕێک لە دروشمەکان لە سەرەتاوە تا ئێستا نیشان دەدات ناڕەزایەتییەکان درێژەی هەمان ڕەوتە کە لە شۆڕشی ژیناوە دەستی پێ کرد و ئاراستەکەی ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە و نەک شتێکی تر!
ڕاستی ئەوەیە کە چل و چەند ساڵ تەمەنی نەنگینی کۆماری ئیسلامی ماهییەتی ئەم ڕێژیمەی بە جۆرێک ئاشکرا کردووە کە ئیتر هەر گۆڕانکاری و جووڵەیەک لەنێو پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا لە ڕوانگەی خەڵکی گشتیی ئێرانەوە بێبایەخ و بێئیعتیبارە و جەماوەری خەڵک بە شێوەیەکی دیاریکراو لە کۆماری ئیسلامی تێپەڕیون.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە سەرەتای ئەم ناڕەزایەتییانەوە بەپێچەوانەی شۆڕشی ژینا هەوڵی دا بە ڕووماڵکردنی تەواو ئامانجدار و بڵاوکردنەوەی هەندێک دروشمی پیشەیی، ئەوە تەنیا وەک جووڵەیەکی ناڕەزایەتیی ئابووری نیشان بدات، ئێستا بە بەربڵاوبوونی ناڕەزایەتییەکان و پەلهاویشتنی بۆ شارە جیاوازەکان تووشی شۆکێکی گەورە بووە.
بەردەوامیی ئەم جووڵە ناڕەزایەتییە و پەیوەستبوونی شارە جیاوازەکانی تر دەتوانێت سەرەتای گۆڕانکارییەکی گەورە بێت لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی چەند ساڵی ڕابردووی دوای شۆڕشی ژینا و کۆتاییەک بێت بۆ کابووسی کۆماری ئیسلامی!
خاڵێکی گرنگی دیکە، هەوڵی هەندێک لە میدیاکانی سەر بە ڕەوتی سەڵتەنەتخواز لەم ڕۆژانەدایە کە لە هەر ئامرازێک بۆ دەرخستنی ئەم بابەتە کەڵک وەردەگرن کە کۆمەڵگە خوازیاری گەڕانەوەی ڕێژیمی پێشووە. ڕەنگە دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" کە لە لایەن ئەم میدیایانەوە بە ناوی دروشمی بەلارێدەر هەڵسەنگێندرا، گەورەترین وەڵام بێت بۆ هەموو ئەوانەی کە لە بیری سەپاندنی خومەینییەکی تر بەسەر ئەم میللەتەدان.
گەلانی ئێران ساڵانێکە لەم یارییە دووبارەیە تێپەڕیون و بە هیچ شتێک جگە لە سیستەمێکی دیموکراسیی دامەزراو لەسەر مافی مرۆڤ، وەک هەموو وڵاتانی ئازاد، ڕازی نابن. ئیتر ئەو سەردەمەی کە وێنەی کەسێکیان لە مانگدا دەبینی، ساڵانێکە تێپەڕیوە. ئێستا خەڵک زیاتر لە دروشمی پووچ و بەڵێنی بێبنەما، سەرنج دەدەنە ڕاستییەکان.
ئەمە شەقامەکانن کە کۆتایی هەموو دیکتاتۆرەکانیان دیاری کردووە! کات، کاتی تێپەڕین لە کلیشەکانە! ئەم خەڵکە لە دووبارەبوونەوە بێزارن! بەدوای هەوای تازەدان! دێموکراسی و ئازادی و کۆتایی هەر جۆرە خۆسەپاندنێک!
ئێرانی سبەی، ئێرانێکی ئازاد بە دێموکراسییەکی گشتگیر و دێسەنتراڵ و ڕەچاوکردنی مافی هەموو گەلانی نیشتەجێی ئەوێ دەبێت. گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، هەرگیز!