ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، خەڵکی کوردستان بەشێوەی یەکپارچە و یەکدەنگ بەدەم بانگەوازی حیزبەکانی کوردستانەوە هاتن و بۆ جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆیان لە ڕۆڵەکانیان ڕاگەیاند.
لە مانگرتنی ئەمڕۆ پێنجشەممەدا، خەڵک لە شارەکانی سنە، سەقز، کرماشان، پاوە، ورمێ، سەرپێڵ، ڕوانسەر، پەسوێ، بۆکان، پیرانشار، دیواندەرە، قوروە، دێولان، شاباد، ئیلام، ڕەبەت، سەردەشت، نەغەدە، سونقوڕ و کولیایی، دزەی مەرگەوەڕ، دیواندەرە، گیەڵان، قەسری شیرین، مەریوان، کامێران، بانە، سەراوڵە، سەلاسی باوەجانی، کۆزەران، کۆتۆل، حەسەناوای سنە، بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان پشتیوانیی خۆیان لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئێران دەربڕی.
خەڵكی کوردستان بە بەدەمەوەهاتنی ئەم بانگەوازە جارێکی دیکە جینایەتەکانی ڕێژیم لە ناوچەکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستانیان مەحکووم کرد.
ڕێژیم بە زاڵکردنی کەشی ئەمنییەتی هەوڵی زۆری داوە تاکوو خەڵک لە مانگرتن پاشگەز بکاتەوە.
دەوترێت کە لە زۆربەی شارەکاندا، کەشێکی پۆلیسی زاڵ بووە و دووکانداران و بازاڕییان بۆ کردنەوەی دووکانەکان، کەوتوونەتە ژێر گوشاری ژووری ئەسنافی شارەکانەوە.
بانکەکان، ئیدارەی بێهزیستی، کۆمیتەی ئیمداد و ئەو ناوەندانەی ڕێژیم کە سەروکاریان لەگەڵ خەڵک هەیە، بە بیانووی جۆراوجۆر زەنگیان بۆ خەڵک لێ داوە کە سەردانی ناوەندەکانیان بکەن تاکوو لەم ڕێگەوە بتوانن بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان، شارەکان قەرەباڵغ نیشان بدەن.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئیتلاعات لە شاری ورمێ تلفونی بۆ دووکانداران کردووە و هەڕەشەی پلۆمپکردنی دووکانەکانیان کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، لە شارەکانی کوردستاندا هێڵی ئینتێرنێت بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز کراوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیم لە شارەکانی وەک سەقز، بۆکان و مەریوان هێزێکی زۆری لیباس شەخسیشی جێگیر کردووە کە هەوڵی پێشگرتن لە هەڵگرتنی وێنە و ڤیدییان داوە و لە چوارڕێیانەکاندا هێزی پۆلیس جێگیر کراوە.
لە هەندێک لە شارەکاندا تلفۆن بۆ دووکاندارەکان کراوە و پێیان ڕاگەیاندوون کە دەبێ دووکان و بازاڕەکان بکەنەوە.
زانیارییەکان باس لە سووڕانەوەی پەهباد بەسەر ئاسمانی هەندێ لە شارەکانی کوردستاندا دەکەن.
ناڕەزایەتییەکانی ئەمساڵ لە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە لە بازاڕی گەورەی تاران دەستیان پێ کرد، و کاسبکاران لە کاردانەوە بە دابەزینی نرخی ڕیاڵ، هەڵاوسانی زۆر و گرانیی کاڵا سەرەکییەکان، دووکانەکانیان داخستن و ئەم مانگرتنە بەخێرایی بوو بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەر شەقامەکان.
پرسی سەرەتایی ناڕەزایەتییەکان ئابووری و بژیو بوو، بەڵام وردەوردە لە زۆربەی شارەکاندا بوو بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی ڕێژیم و دروشمگەلێک دژی نیزام و ڕێبەرەکانی.
ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی بەفرانبار، ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری پێکهاتوو لە ٧ حیزبی پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بانگەوازێیان بۆ مانگرتنی گشتی لە کوردستان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئێران و مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیم لە ناوچەکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان بڵاو کردەوە.