بەندکراوانی سیاسیی کورد لە بەندیخانەکانی ڕێژی، لە هەڵوێستێکی جوامێرانە بە مەبەستی پشتیوانی لە مانگرتنی سەرانسەریی کوردستان مانیان لە خواردن گرت و بەم شێوەیە پشتیوانیی خۆیان لە مانگرتنی ئەمڕۆ ١٨ی بەفرانبار دەربڕی.
بەپێی هەواڵێک بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، هەرکام لە بەندکراوانی سیاسیی کورد سروە پوورمحەممەدی، ڕەفێق سەلیمی، محەممەد سادقی، ئیدریس مینبەری، نادر بەهمەنی، یووسف ئەحمەدی، فریاد قادری، فەردین مەولوودی و محەممەد ڕەحیمی بۆ پشتیوانی لە بانگەوازی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانیان لە خواردن گرت.
ئەو بەندکراوە سیاسییانە لەبارەی ئەو هەڵوێستە نیشتمانییەوە ڕایانگەیاندووە: "ئێمە کۆمەڵێک لە بەندکراوانی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی سنە مانمان لە خواردن گرتووە، ئەو یەکگرتوویی و هاوپێوەندییە سەرانسەرییەمان هیوای ئازادی و ڕزگاریمانە". هەروەها دوێنی چوارشەممە ١٧ بەفرانبار پێنج بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی وریشە مورادی، زەینەب جەلالیان، سەکینه پەروانه، موتەلیب ئەحمەدیان و پەریسا کەماڵی ڕایانگەیاندبوو کە هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتی لە کوردستان، مان لە خواردن دەگرن و ئەمڕۆ ئەو بەندکراوە سیاسییانە هاوکات لەگەڵ بەندکراوانی دیکە لە ڕێگەی مانگرتنەکەیانەوە پشتیوانیی خۆیان دەربڕیوە.
ئەم هەوڵە ناڕەزایەتییە بە نیشانەی یەکدەنگی لەگەڵ مانگرتنی سەرتاسەریی خەڵکی کوردستان لە ناڕەزایەتی بە بەردەوامیی سەرکوت، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و دۆخی بەندکراوانی سیاسییە.