کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هەوڵە نەزۆکەکانی ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم دژ بە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستان

16:03 - 18 بەفرانبار 2725

ژوورە فکرییەکانی ئیدارەی بەدناوی ئیتلاعاتی ڕێژیم و چەند لایەنێکی دژەکوردی دیکە هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ دڵسارکردنەوە و سەرکوتی زیاتری خەڵک بە شێوازی جیاواز خستووەتە گەڕ و دەیانهەوێت خەڵکی ئێران و کوردستان بەتایبەتی لە داخوازی و مافەکانیان، ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان دڵسارد و دوودڵ بکەنەوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، نامەیەکی زۆر نهێنیی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕوو لە گوردانە ئیتلاعاتییەکانی یەکەی ٢٥٠٠ لەژێر ناوی "شێوەکاری ئەندازیاریکردنی ئاژاوەگێڕییەکان" چەند خاڵێکی ڕاگەیاندووە .

لەم نامەیەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ڕواڵەتی خۆیان لەگەڵ ناڕازییان ڕێک بخەن بە جۆرێک کە ناسینەوەیان بۆ خەڵکی ڕاپەڕیو دژوار بێت.

هەروەها باسیان لەوە کردووە کە هێزە سەرکوتکەرەکان بە هەندێ دروشمی بێبنەما، پرسی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان بەلاڕێدا ببەن.

شایانی باسە پیلانەکانی ڕێژیم بەگشتی دوو مەبەستیان لە پشتە؛ یەکەمیان سەرکوتی زیاتری خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و کوردستان و دووهەمیان بەلاڕێدابردنی ڕەوتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان.

سەرەڕای هەموو هەوڵە نەزۆک و دژەکوردییەکانی ئەو ناوەند و لایەنانە، مانگرتن، ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی خەڵکی مافویستی کوردستان بارتەقای گەورەیی کوردستان مانادارە و هەموو کات وتراوە کە کوردستان سەنگەری ئازادیخوازیی بووە.

شایانی باسە هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە سەرەڕای هەموو هەوڵە دوژمانکارانەکانی ڕێژیم، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی بەربڵاو و بەرچاو بەڕێوە چووە و خەڵکی کوردستان لەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتی و هۆشیاریی نەتەوەییدا دژ بە هەوڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و لایەنە بێزراوەکانی دیکە وەستاونەتەوە.