کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێترین پەلەقاژەکانی ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە ڕووخان و داڕمان

18:14 - 18 بەفرانبار 2725

لە کاتێکدا کە ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران بەردەوامن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بڕە پارەیەکی کەم بەناوی سوودی "سەهامی عەداڵەت"ی خستووەتە سەر هەژماری هاووڵاتییان کە دەنگدانەوەی فراوانی بەدوادا هاتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێژیم هاوکات لەگەڵ خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان و بەمەبەستی فریودانی خەڵک، دەستی بە دابەشکردنی پارەیەکی کەم لەژێر ناوی "سوودی سەهامی عەداڵەت" کردووە.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دراوە کە ڕێژیمی تاران هەستی بە نەبوونی توانایی خۆی لە کۆنتڕۆڵی قەیرانە پێکهاتەییەکان کردووە و دەیهەوێت لەو کاتە هەستیارەدا بە دانی بڕە پارەیەکی کەم و بەڵێنیی کورتمەودا پێش بە تووڕەیی خەڵک بگرێت.

هەروەها سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژیم لەڕێگەی ئەو ئەپانەی کە پارە دەخاتە سەر هەژماری خەڵک، هەندێک ئیجازەی دەستپێڕاگەیشتنی بۆ سەر مۆبایلی هاووڵاتییان دەوێت کە لەو ڕێگەیەوە سیخوڕی بەسەر ژیان و چالاکی خەڵک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دەکات.

پێشتریش ڕێژیم بەبیانووی بۆنە ئایینییەکانەوە بڕە پارەیەکیان بەشێوەی نەختی یان وەک کارتی کڕینی شتومەکە پێویستەکان لەژێر ناوی "کاڵابەرگ" بە سەرپەرستی بنەماڵەکان  دابوو.

لەو هەوڵەدا، باس لە دانی یەک میلیۆن تمەن بۆ هەر کەسێک کراوە و بەڵێنیان داوە لە بەستێنی ئیمکانی کڕینی چەند شتومەکی پێویست بە نرخی کەمیان بۆ دەڕەخسێنن.

دابەشکردنی "کاڵابەرگ" و پێدانی "سوودی سەهامی عەداڵەت" زیاتر لەوەی چارەسەری قەیرانی ژیان و هەژاری بێت، هەوڵێکە بۆ فریودانی هاوڵاتییانی ناڕازی و کەمکردنەوەی خۆپێشاندانەکان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.