خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!
خەڵکی ئازادیخوازی سەرانسەری ئێران!
حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئێران و کوردستان!
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی!
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانبار کوردستان جارێکی دیکە سەلماندییەوە سەنگەری لەگیراننەهاتووی خەبات و خۆڕاگری دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
ئەمڕۆ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بە مانگرتنی گشتی، داخستنی دووکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و دەربڕینی ناڕەزایەتی لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان، هەم متمانەی چەند بارەیان بە حیزبە سیاسییەکانیان بەخشییەوە، هەم نیشانیان دا شۆڕشی "ژینا-ژن، ژیان، ئازادی" نەک هەر لە پێ نەکەوتووە؛ بەڵکوو لە قووڵایی کۆمەڵگەدا زیندووە و لێبڕاوە بۆ هەمیشە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی تێکەوەپێچێ. خەڵکی کوردستان پێشانی دایەوە کە لەهەمبەر تاوان و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە لوڕستان و مەلەکشایی و شوێنەکانی دی بێدەنگ نابێ و ڕێگە نادا ڕێ و ڕێبازی خوێن و خەباتی لاوان و ئازادیخوازان ون ببێ. هەروەها پشتیوانیی خەڵکی کوردستان لە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ئێران، مەحکوومکردنی سیاسەتی هەڵاواردن و وەستانەوە لەهەمبەر جینایەتەکانی ڕێژیم لە کوردستان سەلمێنەری زیندوێتی و گەشەی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ئێران و پێشکەوتنی خەبات و ڕاپەڕینی ئەم قۆناغە چارەنووسسازە دژ بە دیکتاتۆریی ڕێژیمی ئێرانە.
ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حیزبەکان لە کوردستان سپاسی خەڵکی خەباتکاری کوردستان و ئازادیخوازانی ناوچەکانی تری ئێران دەکا کە بە مانگرتن و بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانیان وەڵام و پەیامێکی سیاسیی ڕوون و گورچکبڕیان بە هێزە سەرکوتگەرەکان و تەواوەتیی ڕێژیمی دەسەڵاتدار دایەوە. خەڵکی بوێر و ئازادیخوازی کوردستان نیشانیان دایەوە هەڕەشە و تۆقاندن و سیاسەتی سەرکوت هەنگاویان پێ شل ناکا و بەو یەکڕیزی و یەکگرتووییەی حیزبە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان ئەو پەیامە بە ڕاشکاوی ڕاگەیەندرا کە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ئێمە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. ئەم قۆناغە نوێیەش دەخوازێ لەپێناو بەردەوامی و سەرکەوتنی یەکجارەکیدا زیاتر و جیاوازتر لە هەمیشە بەستێنی لەبار بۆ یەکڕیزی، هاوخەباتی و هەڵمەتی پێكەوەیی دەستەبەر بکەین و بەوەش هێزێکی زیاتر بە خەبات و بزووتنەوەکەمان بدەین.
بزووتنەوەی سیاسی و مافخوازانەی کوردستان کە بەردەوام پێداگریی لەسەر فرەچەشنی و پێکەوەژیان کردووە و دژ بە پاوانخوازی و خۆسەپاندن بووە، جارێکی دیکەش پشتیوانیی خۆی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان دژی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕادەگەیەنێ و پێ لەسەر شێلگیری و بەردەوامیی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان لەپێناو وەدیهاتنی ماف و داوا ڕەواکانی لە ئێران دادەگرێتەوە.
بژی هاوپشتی و یەکگرتوویی خەڵکی مافخوازی کوردستان!
بڕووخێ کۆماری ئیسلامیی ئێران!
- پارتی ئازادیی کوردستان
- پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان
- سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
- کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
- کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ئێوارەی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤