ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە چەند شاری کوردستاندا ناڕەزایەتی هاتووەتە ئاراوە و خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی دەرەدرێژی کرماشان.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپاوە بڵاو کراونەتەوە، لە درێژەی مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستاندا، لە دەرەدرێژی کرماشان ناڕەزایەتیی خەڵک دەستی پێ کردووە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە لە دەرەدرێژی کرماشاندا تەقە لە هاووڵاتییان کراوە و برینداریش هەیە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی ڕێژیم ئەم ناڕەزایەتییەیان بە سەرکوتی توندوتیژ وڵام داوەتەوە.
بە وتەی کوردپا سەرکوتکارییەکان لە کرماشان بەرچاون و هێزەکانی ڕێژیم بە فیشەکی جەنگی، ساچمەیی و گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردووەتە سەر نارازییان.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەی برینداران زۆرە و ئەگەری هەیە کەسیش شەهید بووبێ.
دەوترێت هێزەکانی هەنگی سنووری لەم شەپۆلی سەرکوتەدا هاوکاریی سپای پاسدارانی ڕێژیم دەکەن.
هاوکات لە شاری مێهرانی سەر بە پارێزگای ئیلام، خەڵک هاتوونەتە سەر شەقامەکان و دروشمی "ئەمساڵ ساڵی خوێنە، خامنەیی دەڕووخێ" یان وتووەتەوە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە لە شارەکانی سنە، سەقز، دێولان و کامێرانیش خەڵک هاتوونەتە سەر شەقام و لە کامێران تەقە لە هاووڵاتییان کراوە و لەم شارەش بریندار هەیە.
بەپێی هەواڵە گەیشتووەکان لە شاری سنەش، ناڕەزایەتیی هاتووەتە ئاراوە و خەڵک لە شەقامی شەریفاوای ئەم شارە، شەقامی دوکتور قاسملوو، شەقامی تاج و ئەدەبدا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و شارۆچکەی نایسەریش ناڕەزایەتیی تێدا بەڕێوە دەچێت و دەنگی تەقە دەبیسترێت.