کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانیی پێشکەوتنخواز هەڵوێستی خۆی دژی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ  شەپۆلێکی نوێی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان دووپات کردەوە

00:21 - 19 بەفرانبار 2725

پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران ئاماژەن بە شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندانی ئاشتییانە لە چەندین ناوچەی وڵات، لەوانە پارێزگاکانی کوردستان. ئەم خۆپیشاندانانە کە ڕەنگدانەوەی ناڕەزایەتییە قووڵەکانی خەڵک و داواکارییەکانیانە بۆ پاراستنی کەرامەت و مافەکانیان، جارێکی دیکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەتەوە بە سەرکوتکردن وڵام دراونەتەوە.

وەک هاوپەیمانیی پێشکەوتنخواز پێشتر ڕایگەیاندووە، ئەم ڕووداوانە لە دۆخی پێشتری ئێران دانەبڕاون و بەڵکوو بەشێکن لە شێوازێکی بەردەوامی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. ئەو شێوازانە بریتین لە  دەستبەسەرکردنی  بێ هۆکار، ئەشکەنجە و  هەڵسوکەوتی تەحقیرکردن و پێشێلکارانە، بێبەشکردن لە پڕۆسەی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و سەرکوتکردنی سیستماتیکی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی. 

ناوچەکانی پارێزگاکانی کوردستان بە شێوەیەکی ناڕەوا و زیاتر لە ناوچەکانی دیکە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەم ڕەفتارە سەرەڕۆییانە.

هاوپەیمانیی پێشکەوتنخواز ئەو سەرکوتکارییە نوێیانەی  دژی خۆپیشاندەران شەرمەزار دەکا کە تێیدا هێزە ئەمنییەکان بە پێی ڕاپۆرت تووندوتیژی و کوشتن و هەرەوەها دەستگیرکردنی سەرەڕۆیانەیان ئەنجامداوە و هەوڵیانداوە دەنگی ناڕەزایەتی گشتیی بێدەنگ بکەن. 

ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی نیشان دەدەن کە خۆپیشاندەران کوژراون، بریندار کراون و دەستبەسەر کراون تەنها لەبەر ڕێکخستنی خۆپێشاندانی ئاشتییانە و ئازادی ڕادەربڕین. لەوانەش ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International)
ئاماژە  بەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان خۆپیشاندەرە بریندارەکانیان لە نەخۆشخانە دەستبەسەر کردووە، کە ئەمەش پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. بەکارهێنانی فیشەکی ڕاستەقینە و دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ، پەیڕەوکردنی هەمان ئەو شێوازە سەرکوتکارییەیە کە هاوپەیمانیی پێشکەوتنخواز بەردەوام شەرمەزاری کردووە.

توندوتیژی دژی خۆپیشاندانی ئاشتییانە بە هیچ شێوەیەک پاساو هەڵناگرێت.

دەبێت ڕێز لە مافی خۆپیشاندان و بەشداریکردن لە ژیانی گشتیدا بگیرێت.

پەرەسەندنی سەرکوتکاری تەنها دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی برینەکان، چاندنی ترس و لاوازکردنی زیاتری دەرفەتەکانی لێپرسینەوە و گۆڕانکاری دیمۆکراتییانه.
هاوپەیمانیی پێشکەوتنخواز داوای سەرنج پێدانی نێودەوڵەتی و بەردەوامی فشارەکان ، بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی ئەوانەی لەژێر مەترسیدان، لێپرسینەوە لە پێشێلکارییەکان و ڕێزگرتن لە پابەندبوون بە یاسا  نێودەوڵەتییەکان لەسەر مافی مرۆڤ دەکات. 

ئێمە هاوسۆزی خۆمان بۆ خەڵکی ئێران، لەوانەش خەڵکی پارێزگاکانی کوردستان، زیندانیانی سیاسی و پارێزەرانی مافی مرۆڤ و هەموو ئەو کەسانەی کە سەرەڕای سەرکوتکارییەکان بەردەوامن لە خۆپیشاندانی ئاشتییانە ڕادەگەیێنین. ئێمە جارێکی دیکە هاوسۆزی و پشتیوانی خۆمان بۆ بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و بۆ هەموو ئەوانەی لەپێناو ئازادی و یەکسانیدا لە ئێران تێدەکۆشن، دووپات دەکەینەوە.