کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە شارکانی کوردستان و ئێران

12:14 - 19 بەفرانبار 2725

دوابەدوای بەڕێوەچوونی و کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان، لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا، خەڵکی ناڕازی ڕژانە سەر شەقامەکان و بە وتنەوەی دروشم بێزاریی خۆیان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و لە سەرووی هەموویانەوە عەلی خامنەیی دەربڕی.

بەپێی هەواڵە گەیشتووەکان لە شارەکانی کرماشان، دەرەدرێژی کرماشان، قەسری شیرین، شاباد، هاروناوا، گیەڵان، مەراغە، قوروە، دێولان، کامێران، سنە وبیجاڕ، خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و بە وتنەوەی دروشمی نەمان بۆ خامنەیی و نەمان بۆ دیکتاتۆر، کوردستان گۆڕستانی فاشیستان، ئەمساڵ ساڵی خوێنە، سەید عەلی ڕووخاوە، بێزاریی خۆیان لەم ڕێژیمە بۆ جارێکی دیکە دووپات کردەوە.

هاوکات لە شارەکانی دیکەی ئیرانیش لەوانە: بابۆل، تەورێز، مەشهەد، گورگان، شیراز، ئێسفەهان و تارانی پێتەختی کۆماری ئیسلامی، خەڵک بە دروشمی نەمان بۆ دیکتاتۆر ڕژانە سەر شەقامەکان.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە بڵاو کراونەتەوە و بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە ناوەندی ڕاگەیەندنی حیزبی دێموکرات گەیشتوون، لە شارەکانی کوردستاندا، هێزەکانی ڕێژیم بێبەزەییانە بە چەکی کڵاشینکۆف و چەکی ساچمەیی تەقەیان لە خەڵک کردووە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن لە شارەکانی کوردستاندا بریندار هەیە و ئەگەریشی هەیە کەسانێکیش شەهید بووبێتن.

زانیارییەکان دەڵێن کە فەرمانداریی شاری بیجاڕ ئاگری تێ بەر دراوە.

لە تاران ماشینی بەسیجییەکان، لە گوڕگان فەرمانداریی شارەکە، لە ئێسفەهان دەنگوڕەنگی ڕێژیم و لە شیرازیش ماتۆڕی هێزەکانی ڕێژیم ئاگریان تێ بەر دراوە.

شەوی ڕابردوو دوابەدوای دەسپێکی شەپۆلی نوێێ ناڕەزایەتییەکان، هێڵی ئینتێرنێت بەتەواوەتی لە سەرتاسەری ئێراندا پچڕا ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕۆژی ڕابردووش هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی مانگرتنەکە، لە شارەکانی کوردستااندا هێڵی ئینتێرنێت بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی لە کوردستان، ڕێژیم ژمرەیەکی زۆر لە هێزەکانی سەرکوتی لە شارەکانی کوردستان جێگیر کردبوو.

بەپێێ زانیارییەکان ئەم هێزانە لە ڕێگەی ئامبولانسی جام ڕەش و ماشینی ئیدارەکانی گاز و کارەباوە ئاڵوگۆڕیان پێ دەکرا و لە چوونەژووەوەی شارەکانیشدا، خاڵی پشکنین دانرابوو و پشکنینی خەڵکیان دەکرد.