یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: ئێمە ڕۆڵی کاریگەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پشتیوانی لە مانگرتنەکان، بەهێزکردنی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان، پاراستنی یەکگرتوویی و مافە مەدەنییەکان، بەرز دەنرخێنین.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە:
یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست (IUSY)، هێرشە دڕندانەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خۆپیشاندەران سەرکۆنە دەکات. ئێمە خوازیاری ڕاگرتنی خێرای سەرکوتین و پاڵپشتیی تەواوی خۆمان لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەگەیەنین.
ئەم ڕێژیمە بە درێژاییی ٤٧ ساڵی تەمەنی خۆی، بەردەوام خەڵکی ئێران، بەتایبەتی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە ڕێگای کردەوەی دڕندانە و نامرۆڤانەوە، سەرکوت کردووە.
یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست، پاڵپشتیی تەواوی خۆی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان ڕادەگەیەنێت. دەنگی خەڵکێک کە بۆ بەرگری لە کەرامەتی مرۆیی، دادپەروەری و مافی بنەڕەتیی خۆی ڕاپەڕیوە، دەنگێکی ڕەوا و یاسایییە کە دەبێ ببیسترێت.
بەتایبەتی لاوانی کورد، بوێرانە و دەیان جار ئەم خواستەیان نیشان داوە و سەلماندوویانە کە هەوڵی مەدەنی دەتوانێت ڕێگا بەرەو داهاتوویەکی ئازاد و دادپەروەرانە خۆش بکات. مانگرتنی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێکەوتی ٨ی ١ی ٢٠٢٦، وەک نموونەیەکی بەرچاوی یەکدەنگیی کۆمەڵایەتی و ئیرادەی بوکۆمەڵە. ئەم مانگرتنە وەک شێوەیەکی ڕەوا لە ناڕەزایەتیی مەدەنی، نیشانی دا کە کۆمەڵگە دەتوانێت خواستەکانی خۆی بە شێوەی ئاشتییانە و بەرپرسانە دەرببڕێت.
هەروەها ئێمە ڕۆڵی کاریگەری "یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" لە پشتیوانی لە مانگرتنەکان، بەهێزکردنی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان، پاراستنی یەکگرتوویی و مافە مەدەنییەکان، بەرز دەنرخێنین.
ئێمە لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان تا گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری جەخت دەکەینەوە.
داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییش دەکەین کە پاڵپشتی لە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و کوردستان بکەن و لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران، هەنگاوی جیددی و دیاریکراو هەڵبگرن.