جاک گۆڵدستۆن، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی جۆرج مەیسۆنی ئەمریکا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ «یۆرۆنیوزی فارسی» جەختی لەوە کردەوە کە شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکانی ئێران لەگەڵ جارەکانی پێشوو جیاوازە و ئەگەری گۆڕانی دەسەڵات لە هەموو کات زیاترە.
گۆڵدستۆن بە ئاماژەدان بە ئەزموونی ڕابردووی شەپۆلەکانی ناڕەزایەتی لە ئێران وتی: «جاران ناڕەزایەتییەکان تەنیا لە چوارچێوەی گرووپێکی دیاریکراودا دەمانەوە؛ وەک خوێندکاران، ژنان، یان ناوچەیەکی تایبەت. بەڵام بۆ ئەوەی شۆڕش سەربکەوێت، پێویستی بە هاوپەیمانییەکی بەرفراوانی هەموو چین و توێژە جیاوازەکان هەیە: لە خوێندکار و کرێکار و بازاڕییەوە تا دەگاتە دانیشتووانی شار و گوند و نوخبە و خەڵکی ئاسایی.»
ئەو پێی وایە لەم شەپۆلەدا «نیشانەکانی پێکهاتنی هاوپەیمانییەکی وا بەرفراوان بەدی دەکرێن»، چونکە ناڕەزایەتییەکان تەنیا لە تاراندا نین، بەڵکوو لە دەیان شاری تری ئێران بە توندی سەریان هەڵداوە. گۆڵدستۆن دەڵێت: هەرچەندە هێشتا لێکترازانی وا لەنێو هێزە ئەمنیەتییەکان یان کشانەوەیان لە سەرکوتکردنی خەڵک نابینرێت، بەڵام کێشە ئابوورییەکان و نەمانی متمانە بە دەسەڵاتی ئایینی، ئەمجارە زۆر بەبڵاوی هەستی پێ دەکرێت.
سەبارەت بە ڕۆڵی چینی نێوەڕاست، گۆڵدستۆن وتی: «بەبێ بەشداریی چینی نێوەڕاست، ڕووخانی ڕێژیم مەحاڵە. ئێستا ئەم چینەش هۆکاری پێویستی بۆ ناڕەزایەتی هەیە، چونکە بەهۆی هەڵاوسانەوە داهاتیان زۆر کەمی کردووە.»
هەروەها وتیشی: «تا ئەو کاتەی لەنێو هێزە ئەمنیەتییەکان هەڵوەرین ڕوو نەدات، ناتوانین بڵێین ڕێژیم دەگۆڕێت؛ بەڵام هەر کە درز کەوتە نێو ئەو پێکهاتەیە، ڕەنگە گۆڕانکارییەکان زۆر کتوپڕ و لەناکاو ڕوو بدەن. پێشبینیش ناکرێت بە وردی چ ڕووداوێک دەبێتە هۆی ئەو گۆڕانکارییە.»
گۆڵدستۆن ئاماژەی بە پەرتەوازەیی نەیارانی کۆماری ئیسلامیش کرد و وتی: «ئەم کەلێن و ناکۆکییانە دەبنە هۆی ئەوەی داهاتووی دوای کۆماری ئیسلامی ناڕوون بێت و هەموو لایەنەکان لە دەوری یەک ڕێبەر کۆ نەبنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، نەبوونی ڕێبەرێکی دیار، ڕێگر نییە لە ڕوودانی گۆڕانکاری، بەڵکوو تەنیا شێوەی گۆڕانکارییەکە دەگۆڕێت.»
لەبارەی هێزە چەکدارەکانەوە، گۆڵدستۆن وتی: «سپای پاسداران خاوەنی دەسەڵاتێکی زۆرە، بەڵام بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بەو شەرعییەتە ئایینییە هەیە کە دەسەڵاتی روحانییەت بۆی دابین دەکات. ئەگەر فەرماندەکانی سپا هەست بکەن بەرگریکردن لە ڕێژیم زیان بە بەرژەوەندییەکانیان دەگەیەنێت، ڕەنگە هەڵوێستیان بگۆڕن و پشت لە دەسەڵات بکەن.»
گۆڵدستۆن لە کۆتاییدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە: «خەڵکی ئێران ئەکتەری سەرەکین لە دیاریکردنی ڕێڕەوی داهاتوودا. ئەوەی گرنگە، یەکگرتوویی نێوخۆیی و ئامادەیی خەڵکە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی وڵاتەکەیان.»