کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەقیبزادە: دۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامی هاوشێوەی مانگەکانی کۆتایی دەسەڵاتی شایە

13:21 - 19 بەفرانبار 2725

ئەحمەد نەقیبزادە، مامۆستای خانەنیشینکراوی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ «یۆرۆنیوزی فارسی»، دۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ دوا مانگەکانی دەسەڵاتی پەهلەوی و سەردەمی دەستبەکاربوونی شەریف ئیمامی بەراورد کرد و وتی کە ئێران لە بەرەبەری گۆڕانکاریی بنەڕەتیدایە.

بە وتەی نەقیبزادە، داخستنی تەواوی ڕێگای چاکسازی، کەڵەکەبوونی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و هاوکاتبوونی ئەم قەیرانانە لەگەڵ فشارە نێودەوڵەتییەکان، کۆماری ئیسلامیی گەیاندووەتە خاڵێک کە لێکچوونی ئاشکرای لەگەڵ ڕۆژانی کۆتایی دەسەڵاتی شادا هەیە. ئەو جەختی کردەوە کە دەسەڵات، بەتایبەت دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە، لە جیاتی وەڵامدانەوە بە داواکارییەکانی خەڵک و هەنگاونان بەرەو چاکسازیی ڕاستەقینە، بە پشتبەستن بە دەموچاوە مەنفوور و ئەمنیەتییەکان، درێژەی بە ڕێگەی سەرکوت داوە.

ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە، تاکە ڕێگای بۆ ڕێگری لە داڕمان، بە دوورخستنەوەی ڕەوتی توندڕەو لە دەسەڵات و هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردنی ئازاد بە بەشداریی هەموو هێزە سیاسییەکان زانی؛ دەرفەتێک کە بە بڕوای ئەو، هاوشێوەی قۆناغی پێش شۆڕشی ٥٧، بە خێرایی لە دەست دەچێت. نەقیبزادە وتی کە بەردەوامیی دۆخی ئێستا، دەبێتە هۆی کۆتاییهاتنی دەسەڵات و«سەفەویزم».

ئەو ئەگەری ڕوودانی کودەتای سەربازیی بە کەم نرخاند و وتی نە پێکهاتەی دەسەڵات توانای سیناریۆیەکی لەو شێوەیەی هەیە و نە کۆمەڵگەش قبووڵی دەکات. بە وتەی نەقیبزادە، نەبوونی یەکگرتوویی لە نێوان نەیارانی کۆماری ئیسلامی دەتوانێت قۆناغی گواستنەوە ڕووبەڕووی مەترسیی ناسەقامگیری و ئاژاوە بکاتەوە.

هەروەها نەقیبزادە وتی بە ڕای من تا پێش جەژنی نەورۆز، هێرشێکی دیکە لەلایەن ئیسرائیلەوە بە هاوکاریی ئەمریکا ئەنجام دەدرێت؛ گۆڕانکارییەک کە دەتوانێت ڕەوتی داخوران و ڕووخانی دەسەڵات خێراتر بکات. ئەو لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە کۆمەڵگەی ئێران ئاگادارە قۆناغی دوای کۆماری ئیسلامی ئاسان نابێت، بەڵام خەڵک گەیشتوونەتە قۆناغێک کە بۆ ئەوان «ڕێگای گەڕانەوە» نەماوەتەوە.