کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆچی دوایی كەسایەتییەكی نیشتمانپەروەر لە شنۆ

18:10 - 19 بەفرانبار 2725

ڕۆژی دووشەممە ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤، كاک محەممەدعەلی پەیغامی موانە كەسایەتیی نیشتمانپەروەری خەڵكی شنۆ لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا و بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری شنۆ كۆچی دوایی كرد.

كاک محەممەدعەلی لە ئاوایی موانە سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕ لەدایک بووە و چەند ساڵێک لە گوندەكانی موانە و دۆستەک ژیاوە و دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانیش بە یەكجاری لە شاری شنۆ نیشتەجێ بووە.

ناوبراو وێڕای ئەوەی لە بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەرە، لە كەسایەتییەكی خۆشناو و ڕێزداری ناوچەكانی ورمێ، ترگەوەڕ و دەشتەبێڵ و شاری شنۆ بوو، هاوكات دۆست و لایەنگرێكی دڵسۆز و خەمخۆری حیزبی دێموكرات و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەتایبەتی لە ساڵانی دەیەی ٦٠ی هەتاویدا هاوكارێكی ماندوونەناسی كادرەكانی حیزب لە دەڤەری شنۆ بوو.

كاک محەممەدعەلی بەردەوام هانی خزم و ناسیارانی دەدا تا لە ڕێبازی كوردایەتی دانەبڕێن و لە تێكۆشانی خۆنەویستانە درێغی نەكەن.

ناوبراو هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی شانازیی بە ڕێبازی حیزبی دێموكراتەوە دەكرد و بە ئامانج و ئاواتی شەهیدان وەفادار بوو و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو.

تەرمی ناوبراو ئێوارەی هەمان ڕۆژ لەنێو ئاپۆرای خەڵکدا لە گۆڕستانی ئاوایی نەڵیوان سەر بە شاری شنۆ بەخاک سپێردرا.

​ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.