کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د. کامران مەتین: مەترسیی پاکتاوی نەتەوەیی لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب جیدییە

21:42 - 19 بەفرانبار 2725

 

دکتۆر کامران مەتین، پسپۆڕی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە بابەتێکدا کە لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، تیشک دەخاتە سەر دۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان و هۆشداری دەدات کە مەترسیی پاکتاوی نەتەوەیی لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب لە ئارادایە. ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە ڕادەستکردنی ئەو گەڕەکانە بە گرووپی جۆلانی، نەک هەر ورەی گشتی دادەبەزێنێت، بەڵکوو دەبێتە سەرەتایەک بۆ داگیرکردنی هەنگاو بە هەنگاوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر بە پاڵپشتیی تورکیە.

مەترسیی کۆچی زۆرەملێ و پاکتاوی نەتەوەیی

د. کامران مەتین ڕایگەیاندووە: "ڕۆژئاوا لە قۆناغێکی زۆر گرنگ و هەستیاردا دەژی. ئەگەر دوو گەڕەکی کوردیی حەلەب ڕادەستی هێزەکانی حکوومەتی جۆلانی (هه‌تش) بکرێن، پاکسازیی نەتەوەییان لەسەر ئەنجام دەدرێت و لە دانیشتووانی کوردی پاک دەبنەوە. هەر ئێستاش دەیان هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەم گەڕەکانە، کە بەشێکی بەرچاویان ئاوارەکانی عەفرینن، مەجبوور بوون ماڵ و حاڵیان بەجێ بێڵن."

سازشەکانی جۆلانی بۆ ئیسرائیل و ڕۆڵی تورکیە

لە بەشێکی دیکەی شیکردنەوەکەیدا هاتووە کە ڕادەستکردنی ئەم گەڕەکانە، جۆلانی هان دەدات بۆ داگیرکردنی هەنگاو بە هەنگاوی ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر. مەتین دەڵێت: "جۆلانی لە دانیشتنە دواییەکانیدا لەگەڵ ئیسرائیل بە سەرپەرشتیی ئەمریکا، تەنازولی گەورەی کردووە بۆ ئەوەی ئیسرائیل ڕازی ڕاگرێت و ئەگەری تێوەگلانی ئەو وڵاتە لە شەڕی دژی هەسەدە کەم بکاتەوە."

ئەو پسپۆڕە پێی وایە ئەم سازشانە و بێدەنگیی تا ئێستای ئیسرائیل، دەستی تورکیە ئاوەڵاتر دەکات بۆ یارمەتیدانی "هه‌تش" ئەگەر لە شەڕی دژی هەسەدەدا تووشی شکست بن.

بژاردەی هێزە کوردییەکان و پرۆسەی چارەسەری

مەتین ئاماژە بەوە دەکات کە هەر جۆرە پاشەکشەیەک لە حەلەب، مۆراڵی گەلی کورد دادەبەزێنێت و ڕێگە بۆ پێشڕەویی زۆرتری هه‌تش خۆش دەکات. ئەو پێشنیار دەکات کە هەڵوێستێکی ڕوونی پەکەکە دەتوانێت هاوسەنگییەکە بگۆڕێت: "هەڵوێستێکی ڕوون کە ئاماژە بەوە بدات ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر حەلەب بەردەوام بن، پرۆسەی بەناو (چارەسەری) لە تورکیە کۆتایی دێت، دەتوانێت ئەردۆغان وادار بکات بە ئیحتیاتەوە بیر لە هاتنە ناو شەڕی هەسەدە-هه‌تش بکاتەوە."

ئامادەباشی بۆ شەڕ

لە کۆتایی بابەتەکەیدا جەخت کراوەتەوە کە حکوومەتی جۆلانی نە ئیرادە و نە سەربەخۆیی بڕیاردانی پێویستی هەیە بۆ ئەوەی کێشەکانی لەگەڵ هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر بە جۆرێک چارەسەر بکات کە هەردوولا ڕازی بن. هەربۆیە، دکتۆر کامران مەتین پێی وایە ئەگەر بڕیار بێت شەڕ بەسەر ڕۆژئاوادا بسەپێندرێت، پێویستە هەسەدە لە کات و شوێنی هەڵبژێردراوی خۆیاندا بچێتە قۆناغی شەڕەوە.