کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپی سۆسیال دێموکراتەکان لە پارلەمانی ئورووپا پشتیوانیی لە خەڵکی ناڕازیی ئێران کرد

22:38 - 19 بەفرانبار 2725

گرووپی سۆسیال دێموکراتەکان (S&D) هەولەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سانسۆری ناڕەزایەتییەکان و پچڕاندنی هێڵی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرانسەری ئێرانی سەرکۆنە کرد و نیگەرانیی خۆی بۆ ئەگەری سەرکوتی زۆرتری ناڕەزایەتییەکان لە ئێستا و داهاتوودا ڕاگەیاند، سەرکوتێک کە تا ئێستا بەپێی ڕاپۆڕتی هەواڵنێرەکانی مافی مرۆڤ زیاتر لە ٢٢٧٧ کەس لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

گرووپی (S&D) چاودێری وردی ڕووداوەکان دەکات و لە یەکیەتیی ئورووپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوا دەکات هەنگاوی دیپڵۆماتیکی کردەیی بەهێز لە پشتیوانی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بۆ ئێرانێکی ئازاد و دێمۆکراتیک هەڵ بگرن.

یانیس مانیاتیس، جێگری بەرپرسی گرووپی S&D لە بەشی سیاسەتی دەرەوە، ئاسایش و بەرگری، بەرگری وزەی ناودەوڵەتی و هاوکاری ناودەوڵەتی، ڕایگەیاند: ئێمە ڕێز لە دلێریی خەڵکی ئێران، بەتایبەت ژنان و لاوانی ئەم وڵاتە کە داوای ئازادی، دێمۆکراسی و کەرامەتی ئینسانی دەکەن دەگرین. ئێستا کاتێکی مێژووییە بۆ ئەم کەسانەی هیوایان بە داهاتوویەکی باشترە بۆ وڵاتەکەیان.

ئێمە نیگەرانیی خۆمان بەرامبەر بە سەرکوتی خەڵکی ناڕازی دەردەبڕین. مێژوو نیشانی داوە کە ڕێژیمی ئێران لە قۆناخە هەستیارەکانی سیاسیدا بەشێوەیەکی سیستماتیک سەرکوت زۆر دەکات؛ ڕاستییەک کە بەشێوەیەکی تراژیک لە سەرکوتی بەربڵاو و بێڕەحمانەی ساڵی  ٢٠٠٩ بینیمان، ئێمە نیگەرانین دیسان سەرکوتێکی ئاوا دووبارە بێتەوە.

ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە بەهێزترین هەنگاوە دیپلۆماتیکەکان بۆ پشتگیری لەم ناڕەزایەتییانە هەڵ بهێندرێت. کۆمەڵگەی ناودەوڵەتی، بەتایبەت یەکیەتیی ئورووپا، دەبێ زۆرتر ڕێژیمی ئێران گەمارۆ بدات و لە دراوسێکان و شەریکەکانی ئێرانی بوێت زۆر زوو بۆ گەیشتن بە ڕێگایەکی دیپلۆماتیک کە بگاتە ئازادی و دێمۆکراسی لە ئێران هەنگاو هەڵ بێنن.

ئەم گرووپە ڕایگەیاندووە: ئێمە جارێکی دیکە داوا لە شۆرای یەکیەتی ئورووپا دەکەین سپای پاسداران بخاتە ناو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان و گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا بەسەر هەموو ئەندامەکانی ئەم ڕێکخراوە و تەواوی ئەم کەسانەدا بسەپێنێت کە لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ دەستیان هەیە.

هۆکاری ئەم ناڕەزایەتییانە قەیرانی گەورەی ئابووری و کۆمەڵایەتییە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە هۆکاری خرابتربوونی بارودۆخی ژیانی خەڵک و نزیک دوو حەوتوویە لە ئێران درێژەی هەیە. هاوکات لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتییانە مانگرتنی گشتیی بازاڕیان درێژەی هەیە و بەم پێیەش سەرکوت زیاتر بووە.

گرووپی S&D  پشتیوانیی تەواوی خۆی لە خەڵکی ئێران کە خوازیاری ئازادی و دێمۆکراسین ڕادەگەیێنێت.