بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتوون، ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ئێران بەردەوامن.
زانیارییەکان باس لەوە ئەکەن کە ئەمشەو ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە تاران لە ناوچەی شارەداریی ناوچە ١٥ و لە شارەکی موشیریە، یووسف ئاباد، شەقامی ئەندەرزگوو، شەقامی چیتگەر، لە شاری کەرەج و فوولادشەهری ئێسفەهان، مەشهەد، قوم، چابەهار، شیراز، زاهێدان، خەڵک هاتوونەتە سەر شەقامەکان و دروشمی نەمان بۆ دیکتاتۆریان بەرز کردووەتەوە.
شەوی ڕابردووش و دوای تەواوبوونی مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان، کۆمەڵێک لە شارەکانی کوردستان و ئێران بوونە گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکان دژی ڕێژیمی ئاخوندی.
لە ناڕەزایەتییەکانی شەوی ڕابردوودا، هێزەکانی ڕێژیم کەڵکیان لە فیشەکی پەینت باڵ و گازی فرمێسکڕێژ وەرگرتووە و تەقەیان لە ناڕازییان کردووە.
انیارییەکان باسیان لەوە دەکرد کە نارەزایەتییەکانی شيوی رابردوو لە کوردستان بەتایبەتی ڕدایکاڵ بوون و هێزەکانی هەنگی سنووری بە هاوکاریی هێزەکانی سپای پاسداران سەرکوتی خەڵکیان کردووە.
بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپاوە، ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ۱۴۰۴ عەلیڕەزا سەیدی مێرمنداڵی تەمەن ۱۶ ساڵانی خەڵکی ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام و هاوکات لە تارانیش هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز بە ناوی ئیبراهیم ئەحمەدپووریان شەهید کراوە.
دوابەدوای دەسپێكی ناڕەزایەتییەکان هێڵەکانی ئینتێرنێت بەتەواوەتی پچڕان و هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ڕووداوەکانی ناوخۆ لەبەر دەستدا نەبوو.