کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری شەهیدانی خۆپێشاندانە سەراسەرییەکان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان

11:55 - 20 بەفرانبار 2725

هاوکات لەگەڵ درێژەی خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران، چەندین هاووڵاتی کورد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە شەهید بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخرای مافی مرۆیی "کوردپا"، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، "عەلیڕەزا سەیدی" مێرمنداڵی ١٦ ساڵانی خەڵکی ئاودانانی ئیلام بە تەقەی هێزە سەکوتکەرە نیزامییەکانی ڕێژیم شەهید کرا.

کوردپا هەروەها هەواڵی شەهیدبوونی "ڕەزا قەنبەری" مێرمنداڵی ١٧ ساڵانی خەڵکی کرماشان پشتڕاست کردەوە کە پێشتر دەنگۆی شەهیدبوونی لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆیی بڵاو کرابوویەوە.

ڕەزا قەنبەری، شەوی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە گەڕەکی "جەعفەرئاباد" لە شەقامی "ئەرتەش"ی کرماشان، دوابەدوای هێرشی هێزەکانی سەرکوت بۆ سەر ناڕازییان، لە مەودای زۆر نزیکەوە و لە پشتەوە کراوەتە ئامانجی فیشەکی جەنگیی هێزەکانی سپای پاسداران و فیشەک بەر پشت و کەلەکەی کەوتووە و دوای ماوەیەکی کورت شەهید بووە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانبار دوو برای خەڵکی کرماشان بەناوەکانی "ڕەسوڵ کەدیوەریان" ١٨ ساڵە و "ڕەزا کەدیوەریان" ٢٠ ساڵە کە لە ڕەوتی ناڕازیەتییە سەرتاسەرییەکان بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم بەتوندی بریندار کرابوون، شەهید بوون.

ئەو دوو برایە شەوی شەممە ١٣ی بەفرانبار لە گەڕەکی "جەعفەرئاباد" لە شەقامی "ئەرتەش"ی کرماشان کرانە ئامانجی هێزە دژیگەلییەکانی کۆماری ئیسلامی و بەسەختی بریندار کران و دوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە گیانی خۆیان لەدەست دا.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانبار لە درێژەی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی شاری مەڵکشایی لە پارێزگای ئیلام، هێزەکانی سپای پاسداران بە کەڵکوەرگرتن لە چەکی "کڵاشینکۆف" بە شێوەی ڕاستەخۆ تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە.

لە ئاکامی ئەو تەقەکردنانە چوار هاووڵاتی بەناوەکانی "ڕەزا عەزیم‌زادە"، "مێهدی ئیمامی‌پوور"، "فارس ئاغامحەممەدی" و "محەممەدڕەزا کەرەمی" شەهیدبوون.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پێش‌مەرجی ڕادەستکردنی تەرمی شەهیدانی بە پێدانی بڕە پارەیەکی زۆر و هەروەها ڕاگەیاندنی ئەوان وەکوو هێزی "بەسیج" و کوژرانییان لەلایەن خەڵکی ناڕازییەوە ڕاگەیاندووە.

شایانی باسە کە لە ڕەوتی خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان دەیان کەس لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بریندار کراون و دەیان کەسی دیکەش دەسبەسەر کراون کە تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.