کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە: لە ٨٠ ساڵ تەمەنی "کوردستان"دا هیچ لە جەوهەر و ڕیسالەتی نەگۆڕاوە

12:17 - 20 بەفرانبار 2725

 

وتووێژ: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: لە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورددا، هەندێک ڕۆژ و ڕێکەوت هەن کە تەنیا ژمارەیەک نین لە ڕۆژژمێردا، بەڵکوو وەرچەرخانێکی مێژوویی و هەڵگیرسانی چرایەکی پڕشنگدارن لە تاریکستانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. ٢٠ی بەفرانبار، ساڵڕۆژی دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی "کوردستان"، زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان، یەکێکە لەو ڕۆژە پیرۆز و مانادارە کە وەک سیمبولی تێکەڵبوونی "خەبات" و "ڕووناکبیری" دەناسرێت. لە کاتێکدا پێشەوا قازی محەممەد و سەرکردایەتیی حیزبی دێموکرات بیریان لە دامەزرانی کۆماری کوردستان وەک یەکەم ئەزموونی دەوڵەتداریی مۆدێڕنی کوردی دەکردەوە،  بە دروستی دەرکیان بەوە کردبوو کە خەباتی چەکداری و سیاسی بەبێ بوونی مینبەرێکی ڕاگەیاندن و هزری، ناتەواوە. بۆیە ڕۆژنامەی "کوردستان" تەنیا وەک بڵاوکراوەیەکی ئاسایی لەدایک نەبوو، بەڵکوو بوو بە ناسنامەیەک بۆ سەلماندنی بوونی نەتەوەیی کورد و ئامرازێک بۆ گەیاندنی دەنگی مافخوازانەی گەلێک بە گوێی دۆست و دوژمن. "کوردستان" بۆ باس و بابەتێکی تایبەت بۆ ئەم ڕۆژە مێژووییە وتووێژێکی لەگەڵ مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، سیمای سیاسی و ئەدەبیی ناسراوی کورد، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکرات و هەروەها یەکێك لە سەرنووسەرانی پێشووی ئەم ڕۆژنامەیە پێک‌‌هێناوە.

 

بەڕێز مامۆستا، دەرچوونی ژمارە ٩١٠ی ئەم دەورەیەی "کوردستان" هاوکاتە لەگەڵ ٨٠ ساڵەی ئەم ڕۆژنامەیە. ٨٠ ساڵ تەمەن، ٨٠ ساڵ بەردەوامی بەڵام ٩١٠ ژمارە کە ئەوەندە ژمارەیەش لە ماوەی ٥٥ ساڵدا دەرچووە. بەڕێزتان چ خوێندنەوە و لێکدانەوەیەکتان بۆ ئەم بابەتە هەیە؟

پێم خۆشە لەپێشدا ئەوە بڵێم ئەگەر ئەتۆ وتووێژ لەگەڵ من دەکەی وەکوو یەکێک لە ئەندامانی هەرە کۆنی حیزب، ئەمنیش هەر چەند ساڵێک پێش ئێوە ڕۆژنامەی کوردستانم دیوە، دەنا نە هاودەورەی بووم و نە بە زووییش دیومە، بە حوکمی ئەوەی ئێمە ئارشیڤێکمان لەبەردەستدا نەبوو کە ڕۆژنامەی کوردستان ببینین. بەداخەوە ئێستاشی لەگەڵ بێ، ئێمە هەموو ژمارەکانی یەکەم دەورەی ڕۆژنامەی کوردستانمان لەبەردەستدا نیە. بۆیە شتێکی تەبیعییە کە ئێمەش زۆری  لێ نازانین، بەڵام لەبارەی ئەوەی کە بۆچی ئاوایە، دەڵێم بەبۆنەی دەرچوونی ژمارە ١٠٠ی کوردستانەوە پێم وابێ هەر لەو ژمارەیەشدا بوو، وتارێکمان هەبوو بە ناوی ئەوەی کە دەڵێ ڕۆژنامەی کوردستان "هاوچارەنووسی تێکۆشەرانی کوردە" یا "زمانحاڵی تێکۆشەرانی کوردە". لەوێدا بە تەفسیل باس دەکا ئەو کاتەی حکوومەتی کۆماری کوردستانمان هەبووە، ڕۆژنامەی کوردستانیش لەنێو شار بووە،  کاتێک خەباتکاران کەوتوونەتە شاخ ئەویش کەوتۆتە شاخ. دەورانێک هەبووە کە تێکۆشەرانی کورد نەیانتوانیوە دەرکەون ئەویش هەر غایب بووە. خولاسە، بەحوکمی ئەوەی ڕۆژنامەکە ئۆرگانی ڕەسمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانە و ئەویش هەتا ئێستا لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە حیزبێكی ناقانوونییە، حیزبێکە کە لە دەرەوەی ژیانی تەبیعی خەباتەکەی درێژە دەدا، ئیمکانی ئەوەی نیە بە ڕێک و پێکی دەربچێت، بۆیە ئەوە کە دەبینین پاش ٨٠ ساڵ ڕۆژنامەی کوردستان ٩٠ ژمارەشی ماوە بۆ ئەوەی هەزارەمین ژمارەی دەربچێ، ناخۆشە، تاڵە، بەڵام واقیعەتێکە کە قابیلی دەرکە.

 

هەمیشە باس لەوە کراوە کە ڕۆژنامەی "کوردستان" پتر لەوەی ناسنامەی "ڕۆژنامە"ی هەبێ، "ئۆرگان"ی حیزبێکی سیاسی بووە. دیارە من وەک خۆم لام‌ وایە دەتوانین بڵێین "کوردستان" زمانحاڵی نەتەوەیەکیش بووە. ئەو ئۆرگان‌بوونەی "کوردستان" چ کاریگەرییەکی لەسەر پێناسە و ژیانی ٨٠ ساڵەی ڕۆژنامەی "کوردستان" بووە؟

ڕۆژنامەی کوردستان لە یەکەمین ڕۆژ و حەوتوو و مانگەکانی دەرچوونیدا تا ڕادەیەک خەسڵەتی ڕۆژنامەشی پێوە بووە، چونکە لە خاکی خۆی و لەنێو خەڵكی خۆی دەردەچوو، هەواڵی ڕۆژانە و ڕووداوی ڕۆژانەی قەید دەکرد، لە حەوتوودا دووجار یان سێ جار دەردەچوو، ئەوە خەسڵەتی ڕۆژنامەشی پێوەیە، هەر تەنیا ئۆرگان نیە. ئێستا پتر ئۆرگانە، ئیدی ناتوانێ ئەو شتانە تۆمار بکا، ناتوانێ بەئاسانی بەدەست خەڵکی بگا. بەڵام ئەوەی کە ئۆرگان بوونەکەی چ تەئسیرێکی هەبووە، بە باوەڕی من ئەو تەئسیرە دوولایەنەیە، هەم حیزبی دێموکراتی کوردستان ئیستیفادەی لە ڕۆژنامەکە کردوە بۆ ئەوەی دەنگی خۆی بگەیەنێتە بەردەنگەکانی، ناڵێم کۆمەڵانی خەڵک، هەم کوردستانیش بە حیزبی دێموکراتەوە خۆشەویست بووە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئەو ڕۆژنامەیە زمانحاڵی سادقی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە، هەمیشە ئەوەی گوتووە کە حیزبەکەی ویستوویەتی بیڵێ و بناغەی سیاسەتی حیزبەکە بووە. جاری واش هەبووە لای داوە، ئەمن لەبیرمە جارێک تازە دەورەی ئێستامان دەست پێ کردبوو، مەقالەیەکمان لەسەر دۆخی ئێران نووسی، پێویست ناکا بڵێین کێ نووسیبووی! بەلاڕێدا چووبوو، یانی نەیتوانیبوو ئەوەی پێویستە بیڵێ، لە ژمارەی داهاتوودا عەینی ئەو تیترە دووپاتە کرایەوە بەناوی دیسان لەسەر بارودۆخی ئێران، ئەوجار سیاسەتەکە ڕاست کرایەوە. لەسەر ئەوەی کە فەرمووت پێم وایە ئۆرگانی نەتەوەیەکە یان زمانحاڵی نەتەوەیەکە، بەو مانایە کە حیزبی دێموکرات حیزبێکی خۆشەویست و حیزبی کۆمەڵانی خەڵکە ڕاستە، بەڵام موبالەغە نەکەین باشە. ئەو ڕۆژنامەیە زیاتر هەر ئۆرگانی حیزب بووە و تا ئێستاش بە هۆی ئەوەی بەداخەوە لە دەورانێکی یەکجار زۆر، لانیکەم ٦٠ ساڵ لەو ٨٠ ساڵەی عومریدا هەم نامورەتتەب دەرچووە و هەم نەی‌توانیوە بگاتە دەستی خەڵک، نەش‌توانراوە ئارای خەڵکی بەوجۆرە کۆبکاتەوە، یانێ ڕۆژنامەیەک کە هی خەڵک بێت، دەبێ ئاوا بێت. تەنیا لەو ٢٠ ساڵەی ڕابردوودا کە ئەویش نەک لە ڕێگای ڕۆژنامەکەوە وەک کاغەز، بەڵکوو لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەڵک ئەوەی بیهەوێ، لەهەر جێیەک بێ دەستی پێ ڕادەگا و دەتوانێ زیاتر زمانحاڵی خەڵك بێ.

 

لە "کوردستان"ی زمانحاڵی حکوومەتی کۆماری کوردستانەوە هەتا ئەم "کوردستان"ەی ئێستا کە لانی‌کەم زیاتر لە ٧٠ ساڵ لە تەمەنی لە دەرەوەی زێد و شوێنی لەدایکبوونی دەردەچێ، چ شتێک لە جەوهەر و ڕیسالەتی "کوردستان" گۆڕاوە؟

ڕۆژنامەی کوردستان لە دەورانی جۆراوجۆردا کە تێیدا دەرچووە، زۆر شتی گۆڕاوە، شکڵی گۆڕاوە، فۆرمی گۆڕاوە، زمانی دەرچوونی گۆڕاوە. وەختێک هەر سێ ڕۆژ جارێک دەرچووە، وەختێک بە شەش مانگ جارێک، تەنانەت وەختی وای تێدایە بە ساڵ و دوو ساڵ و سێ ساڵ و دە ساڵ ژمارەیەکی دەرنەچووە، هەمووی ئەوانە هەن. جارێک بە شێوەی کتێب بووە، جارێک بە شێوەی بەیانییە دەرچووە، هەمووی ئەوانە گۆڕاون. بەڵام لە شتێکدا بە باوەڕی من ڕۆژنامەی کوردستان هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتوە، ئەویش ئەوەیە لە هێڵە گشتییەکاندا زمانحاڵی حیزبی دێموکرات و ئاوێنەی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات بووە. سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتیش کە پیاو تەماشا دەکا، لە لایەکەوە ناخۆشە کە ئامانجەکانی حیزبی دێموکرات پاش هەشتا و چەند ساڵیش هێشتا وەدی نەهاتوون. بەڵام لە لایەکەوە جێگەی شانازییە کە ئەو ئامانجەی هەشتا ساڵ، هەشتا و سێ ساڵ بەر لە ئێستا دانراون هەتا ئێستاش تازەیی خۆیان و ڕاستی و دروستیی خۆیان لەدەست نەداوە. جا بۆیە لەو بارەیەوە دەتوانین بڵێین هیچ لە جەوهەر و ڕیسالەتی ڕۆژنامەکە نەگۆڕاوە.

 

یەکێک لە ئامانجەکانی ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بنیاتنانی ڕۆژنامەی "کوردستان"دا کە وەک ئەرکێک بۆ ڕۆژنامەیان دیاری کردوە، بردنەسەرێی ئاگایی نەتەوەیی کورد یان بەواتایەکی دیکە نەتەوەسازی بووە. دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کە هەمووان دەیبینین. پێتان وایە "کوردستان" چەندەی بەش لەو دەسکەوتە، واتە پەرەسەندنی گوتاری نەتەوەیی پێ دەبڕێت؟

ئەمن پێم وایە ئەگەر موبالەغە نەکەین، وەکوو لەپێشدا باسم کرد حیزبی دێموکراتی کوردستان تەنیا هەڵگری ڕیسالەت و پەیامی نەتەوەییە و ڕۆژنامەکەش هەڵگری ئەو پەیامە و ئەو ڕیسالەتەیە. بەڵام بە حوکمی ئەوەی کە ڕۆژنامەکە کەمتر گەیوەتە دەستی خەڵکی، ناتوانێ ئەو نەخشە کاریگەرەی بۆ خۆی هەبێ. چونکی ڕۆژنامەکە وەکوو بۆم باس کردی، لە دەورانی جۆراوجۆردا و بە ماوەی جۆراوجۆر و بە حەجمی جۆراوجۆر دەرچووە. سەرباری ئەوەش نەگەیوەتە دەستی خەڵکی، لە باری پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکدا دەتوانین بڵێین ڕۆژنامەی کوردستان ئێستا دەورانی زێڕینی خۆی دەگوزەرێنێ. چونکە لە سایەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەڵک دەتوانێ لە هەر جێگایەکی دونیا هەیە دەستی پێ ڕابگا. بۆیە ناتوانین بڵێین ئەو دەسکەوتە یانی پەرەسەندنی گوتاری نەتەوەیی هەموو یا بەشی هەرە زۆری هی ڕۆژنامەی کوردستانە. دەتوانین بڵێین هی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. چونکە ئەو پەیامە کە حیزبی دێموکرات هەیەتی ئێستا دەبینین لەنێو خەڵکی کوردستاندا، ئەوانە کە ئەندامی حیزبیش نین، ڕەنگە لە جێی وا هەبێ ئیحتمالەن لەگەڵ حیزبی دێموکرات پەیوەندی دۆستانەشی نەبێ، بەڵام ئامانجەکانی حیزبی دێموکرات وا فۆرموولە کراون کە ئێستاش ئامانجی خەڵکی کوردستانن. لەو بارەیەوە حیزبەکە تەئسیری هەبووە، بەڵام هیچ تاوان نیە کە بڵێین ڕۆژنامەی کوردستان بەداخەوە نەیتوانیوە ئەو نەخشە بگێڕێ، بە حوکمی ئەوەی کە وەک گوتم ناموڕەتتەب دەرچووە، حەجمەکەی کەم بووە و لە هەمووی گرنگتر زەحمەت گەیوەتە دەستی خەڵکی.

 

 جەنابت جگە لەوەی سیاسەتمەدارێکی دیاری کوردی، هاوکات ئەدیب و زمانزانێکی ناوداری کوردیشی. پێتان وایە "کوردستان" زیاتر خزمەتی زمان و ئەدەبی کوردیی کردوە، یان تایبەتمەندییە زمانییەکانی "کوردستان" یارمەتیی گەشەکردنی ئەم ڕۆژنامەیەی داوە؟

دەتوانین بڵێین هەردوولایان دروستن. لەلایەکەوە ڕەوانیی ئەو کوردییەی کە لە بەشێکی زۆری عومری ئەم ڕۆژنامەیەدا پێی نووسراوە وای کردوە کە خەڵک ڕۆژنامەکەیان خۆش بوێ. ئەمن لەبیرمە وەختێک لە ساڵەکانی ١٩٧٠دا، ئێمە لە عێراق ڕۆژنامەی کوردستانمان چاپ دەکرد، لە ئەوەڵەوە فەقەت لە چوار لاپەڕەدا بوو، دوایە بوو بە هەشت لاپەڕە، زۆر لە ئەدیبان و کەڵە نووسەرانی ئەم وڵاتە، هی باشووری کوردستان، دەیانگوت ئێمە، مەتالبی کوردستانمان لە پێش دەرچوونی ژمارەی کوردستان لەمێژە دیوە، بەڵام پێمان خۆشە ڕۆژنامەی کوردستانمان بە ڕێک و پێکی پێ بگا، بە خاتری زمانەکەی. بە خاتری زمانەکەی چوار لاپەڕە چییە؟ لەبەر ئەوە نموونەیەکی باشە، ئەو نموونە باشە وای کردوە کە ڕۆژنامەکە خۆشەویست بێ. ئەگەر وابێ کاریگەریی ڕەوانیی زمانەکەیە لەسەر مەحبووبیەتی ڕۆژنامەکە، لە پاشانیش ڕۆژنامەکە کاریگەریی داناوە. چونکە نموونەیەکی باشی داوەتە دەستی ئەو کەسانە کە پێیان خۆشە، ڕۆژنامەکان زمانێكی ڕەوانیان هەبێ، کوردی دروستتر بنووسن. بەڵام ئەو کاریگەرییە کەمە بە هۆکاری ئەوەی وەک وتم و چەند جاریش دەیڵێمەوە، ئەو ڕۆژنامەیە ئەوەندە بڵاو نەبووەتەوە لەنێو خەڵکیدا کە بتوانێ ئەوەی بکا، لە عەینی حاڵدا چوار لاپەڕە بە یەک مانگ یان چەند لاپەڕە بە دوو مانگ ناتوانێت ئەو کاریگەرییە دابنێ لەسەر دروستبوونی زمانێکی ئەدەبی کوردی.

 

ڕەخنەیەک کە لەم ساڵانەدا لە "کوردستان" دەگیرێ ئەوەیە مەودای لەگەڵ ئەو زمانە گرتوە کە لە دەیەکانی ٥٠ هەتا ٧٠ و ٨٠ی هەتاویدا پێی دەنووسرا. ئەم ڕەخنەیە چەندە بەجێیە و هۆکارەکانی بۆچی دەگەڕێننەوە؟

ئەم ڕەخنەیە ئەمن لەمێژە هەمە، وەکوو ئاماژەی پێ دەکەی، وادیارە خەڵکی دیکەش هەیەتی. وەختی خۆی وەک باسم کرد، ڕۆژنامەی کوردستان وەک نموونەی زمانێکی ڕەوانی کوردی کە دەیتوانی ببێتە بناغەی زمانی ستانداردی کوردی چاوی لێدەکرا. ئێستا بەداخەوە، فاسیلەی گرتوە. هۆکارەکەشی دەتوانین لە دوو سێ شتدا کۆ بکەینەوە. یەکەم ئەوەیە ئێمە لەنێو خەڵکی خۆماندا نین تا کوردی لە خەڵکی خۆمان فێر بین. ئەوە زۆر گرنگە. کوردی یان لە کتێبێک فێر دەبین، یان لە ڕۆژنامەی خەڵکی دیکە، یان لە قسە کردنی خەڵکی دیکە، و بەتایبەتی خەڵکی خوێندەوار. دووهەم ئەوەیە کە ئەوانەی ئەو وەختە لە ڕۆژنامەی کوردستاندا کاریان دەکرد، بەشێکی زۆریان کەسانێک بوون کە لە عومقی کۆمەڵگەی کوردەواری هەڵقوڵابوون، لە دێوە هاتبوونە شار و هاتبوونە نێو کاری نووسین و وەرگێڕان. ئەوانە ئێستا یان هەر نەماون، یان ئەگەر مابن، فاسیلەیان لەگەڵ ڕۆژنامەی کوردستاندا گرتوە و کەمتر سەروکاریان لەگەڵی هەیە. ئەوەی دیکە ئەوەیە دەستیان خۆش بێ، خوا عومریان درێژ کا، بەردەوام بن، ئەوانەی ئێستا کە دەنووسن، زۆریان پتر مەتڵەب پێیە لەوانە کە پێشتر دەیان نووسی. بەڵام بۆ خۆیان پەروەردەی نێو کۆمەڵی کوردەواری نین، لە مەدرەسە و لە زانکۆ و لە وانە فێری زمانی کوردی بوون. زمانی ئەسیلی هەر میللەتێکیش لە زانکۆوە نایە، قانوون لە زانکۆوە دێ، قانوونی زمانیش لە زانکۆوە دێ، بەڵام زمان لەنێو کۆمەڵانی خەڵک و بەتایبەتی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی لادێ و نەخوێندەوار دێتە دەرێ. ڕەنگە لەو بارەشدا ئەمەیان گلەیی بێ، کە زۆر گرنگی بەوە نادەن، کە بزانن چۆن بکەین بۆ ئەوەی زمانەکە زمانێکی پتر ڕەسەن بێ. ئەمن لەبیرمە جارێکییان برادەرێکم شتێکی نووسیبوو، ئەمن پێم گوت ئەوەها نابێ، ئەو بە پانەوە گوتی ئەوەی تۆ دەیڵێی کۆنە. باشە ئەو قسەیە ڕاست نیە، چونکە هەموو شتێک تازەکەی باش بێ، زمان کۆنەکەی باشە. ئەسالەت لەوێ دایە. جا ڕەنگە ئەوەش یەکێک لە هۆکارەکان بێ کە باسم کرد.

 

 مامۆستا جەنابت تەمەنێک لەگەڵ "کوردستان" بووی. هەم وەک ئەزموونی تاکەکەسی، هەم وەک گێڕانەوەی بەسەرهاتی قۆناغە جیاوازەکانی کارکردنت لە ڕۆژنامەدا چۆن باسی ئەو مێژووە دەکەی؟

ئەو مێژووە پڕە لە دەورانی خۆش و ناخۆش، لە بیرەوەریی خۆش و ناخۆش. یانی ئێمە ئێستا ئەوانەمان کە لە کوردستان کار دەکەن، دونیایەک کەم‌وکورتی هەست پێ دەکەن. چونکە بە حەقیقەت ئەو ئیمکانیاتە کە ئەوڕۆ بۆ ڕۆژنامەنووسیی کوردی هەیە، ڕۆژنامەی کوردستان یەکجار زۆر کەمی لەبەر دەستدایە، حەقیانە، بەڵام ئەوەی ئێمە دیومانە لەو دەورانەدا کە ئەمن ئاگام لێیەتی، لەچاو ئێستا ئیتر قابیلی بەراورد نیە. مەسەلەن ئێمە دەبوو بە تایپێکی شەق و شڕی میکانیکی ڕۆژنامە بنووسین، دەبوو زۆر بە دیققەت بێ، ئەو تایپیستە، هەمووی لەسەر ستوونی پێنج سانتیمتری یان کەمتر یان زیادتر تایپ بکا. لە پاشان ئەوەی بە مقەستێک ببڕین لەسەر کاغەزێکی دیکە بیچەسپێنین بە چەسپ، جا ئەوجار کە ئەوەمان ئامادە دەکرد، پێکەوەمان نابایەوە و ناردبامانە شوێنێک بۆ ئەوەی فیلم و زینگی لێ هەڵبگیرێ و چاپ بکرێ. بەڵام لەوەش سەیرتر، ڕەنگە جێی باوەڕ نەبێ، ئەمن ژمارەیەکی کوردستانم لەبیرە، ئامادەمان کرد، ڕۆژنامەی کوردستان چونکە خەبەری نیە، زوو کۆن نابێ، ئێمە چوار پایتەختمان پێ کرد تا توانی چاپ بێ. لەم پایتەختە چاپ نەبوو، لەو پایتەختە چاپ نەبوو، ئاقیبەتەکەی بە جۆرێک کە ئەگەر لەبیرم بێ، لە بەیڕووت بۆمان چاپ بوو. پاشان ئەو حەجمە سەیر و سەمەرەی کە تێیدا چاپ بوو. ئێستاش ئەگەر یەکێک بیەوێ ڕۆژنامەی کوردستان مەسەلەن وەک ڕۆژنامەی خەڵکی دیکە لە بەرگ بگرێ، ئەو دەورانەی ئاخیرە ئەلحەمدولیللا هەموویان یەکن. بەڵام قەت شتی وا مومکین نیە، چونکی هێندێکی بەقەد کتێبە، هێندێکی ئا چوارە، هێندێکی ئا سێیە، یانی لەو بارەوە بیرەوەرییەکی تاڵ و ناخۆشم لەگەڵی هەیە.

 

هەتا ٢٠-٢٥ ساڵ پێش ناوی هیچ بەرپرسێکی حیزبی لە ڕۆژنامەدا نابینی، بابەتەکانیش ناوی نووسەریان بە سەرەوە نییە و خاوەنەکانیان ناناسرێنەوە. ئەوەش ئاستەنگی بۆ کاری توێژینەوە و بەدواداچوونەکان دروست کردوە. لە حاڵێکدا لە دەورەی یەکەمی ڕۆژنامەدا کە بە ڕۆژنامەکانی سەردەمی کۆمار دەناسرێ ئەم دیاردەیە نابینین. بنەماکانی ئەم بڕیارە کە جەنابیشت یەک لە بڕیاردەرانی بووی چی بوو؟

دیارە دەورانی کۆمار لە بارێکەوە وتم دەورانی ئیقبالی ڕۆژنامەی کوردستان بوو. چونکە لە نێوخۆی وڵات دەردەچوو، تەنانەت بەفۆرمی ئەو وەختەی چاپخانەی خۆی هەبوو. ئێوە دەزانن ئێستاش ئێمە چاپخانەمان نیە. ئەو وەختەی چاپخانەی خۆی هەبوو، لەنێوخۆی وڵات دەردەچوو، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی دەگەڵ خەڵکی هەبوو. بۆیە ئەوانەش کە دەیاننووسی هەموویان خەڵکی ئازاد و زۆرجاریش خەڵکی خۆشەویست و بەنفوز بوون. ئەوەیان دەکرد، بەڵام دوایە کە ئێمە لەو حاڵەتەیدا بووین، کەمێک باری ئەمنییەتی بوو، هەرچەندە زۆر کاریگەری دانەنا، بەڵام هۆکاری ئەسڵیمان ئەوە بوو کە ئەوە ڕۆژنامەی ئۆرگانە. دەبێ هەموو وتارێک، هەرکەس دەینووسی، پتر لە ڕای خۆی، ڕای حیزبەکەی تێدا مونعەکیس بێ. ڕۆژنامەیەکی ئازاد نیە، تریبونێکی ئازاد نیە، هەرکەس قسەی خوێ بکا. با هەموویان هەر بە ناوی ڕۆژنامەکەوە بن، چونکی لە واقیعدا زۆرجار وتاری هەموو ئینسانێک کە دەنووسێ، ئەگەر مەحدوودی بکا لە چوارچێوەی سیاسەتی ڕۆژنامەکەی و سیاسەتی حیزبەکەیدا، هەموو ڕایەکەی خۆی تێدا نیە. تەنانەت ئەوەشمان پێ باش بوو، چونکە ناکرێ وتارێک بنووسرێ لە ڕۆژنامەی ئۆرگانی حیزبدا، بەڵام کابرا بڵێ ئەوە ڕای خۆمە، ئەدی باشە خەڵک ئەو ڕۆژنامەیە دەخوێنێتەوە بۆ ئەوەی ڕای حیزبەکەی بزانێ. هێندێک سازمانی ئێرانیمان هەبوون ئێمە لەگەڵیان کێشەمان هەبوو. وتارێکی دەنووسی و چاوت لێ دەکرد مەسەلەن هێرشی کردوە بۆ میللەتی کورد، بە ئامانجەکانی میللەتی کورد و هێرشی دەکردە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان. کە گلەییمان لێ دەکردن دەیانگوت بابە ئەوە ڕای نووسەرەکەیە. دەمانگوت باشە ڕای خۆیەتی، ئەی ڕای حیزبەکەت چییە؟ ئەتۆ وتار دەنووسی، ئەگەر باش دەرچوو ئەوە هی حیزبە، ئەگەر باش دەرنەدەچوو ئەوە دەیکەیە نەزەری شەخسی خۆی. بۆیە پێمان باش بوو ناوەکانی خۆمان فیدا بکەین لەپێناو ناوی حیزبدا، بۆ توێژینەوەش ڕاست دەکەی، ئەگەر توێژینەوەکە هەر ئەوە بێ، یەکێک بیهەوێ مەسەلەن هەموو وتارەکانی دوکتور قاسملووی لە ڕۆژنامەی کوردستاندا تەعقیب بکا، کارەکە زەحمەتە. بەڵام بۆ توێژەرێک کە دەیهەوێ بزانێ، حیزبی دێموکراتی کوردستان نەزەری چی بووە؟ ئەوە هیچ کێشەیەکی نیە. موراجەعە دەکا بە ڕۆژنامەکە و ژمارەکە و تاریخەکە و دەیبینێ و دەڵێ حیزبی دێموکرات وای گوتوە جا ئەو وتارە کە ئەو ئیشارەتی پێ دەکا، بە قەڵەمی هەرکەس نووسرابێ، هیچ لە ماهییەتەکەی ناگۆڕێت.

 

 مامۆستا باس و پرسیار زۆرن، بەڵام زیاترت ماندوو ناکەین. بەڵام دەمانەوێ لە دەسپێکی دەیەی نۆهەمی تەمەنی "کوردستان"دا ئەگەر ڕاسپاردەیەکت بۆ بەڕێوەبەرانی ئەم ڕۆژنامەیە هەیە بفەرمووی.

ئەمن زۆر حەق بە خۆم نادەم کە ڕاسپاردەم هەبێت، چونکی بەهەرحاڵ ئەمن لە کاروباری مێدیایی زۆر دوور کەوتوومەتەوە ، بەڵام ئەگەر بمهەوێ ئارەزوو بکەم ئەوەڵەن ئارەزووی سەلامەتی و پێشکەوتنیان بۆ دەکەم، دەستخۆشیان پێ دەڵێم. ئەگەر ئەوە نەبێ کە دەڵێن ئەوانەی لەپێشدا بوون حەقی تەقەددومیان هەیە، ئەوانەی ئێستا لە ڕۆژنامەدا کار دەکەن لە نووسینەوە بگرە هەتا وەرگێڕان و هەتا کاری فەننی و ئەوە زۆر لەپێش ئەوانەوەن کە ئێمە لەبیرمانن، بەڵام ئەگەر بمهەوێ قسە بکەم ئارەزوو دەکەم نەک تەوسیە، حەقی تەوسیە بە خۆم نادەم، ئارەزوو دەکەم یەک دوو شت هەبن کە بەلامەوە گرنگن، یەکێکیان لەباری سیاسی و مەعنەوییەوەیە. خەڵکەکەمان هەر کەس دەنووسێ سەعی بکات پتر هەم سیاسەتی ئەمڕۆی حیزب و هەم ڕابردووی سیاسیی ئەم حیزبەی لەبەرچاو بێ، لەو چوارچێوەیە دەرنەچێ، چونکی بەهەرحاڵ وەک گوتم تریبوونی ئازاد نیە، ئۆرگانی حیزبێکە و دەبێ ئیدامەکاری هەبێ. لە پاشان ڕۆحی شاد بێت دوکتور قاسملوو هەموو جارێک کە لەگەڵ بەشی تەبلیغات کۆ دەبووەوە دەیگوت واقع بین بن و زمانتان خاوێن بێ، لە هەمووی گرنگتر دەیگوت هێندەشی مەڕووخێنن، هێندێک کەس پێی وایە هەر کە قسەی کرد دەبێ بڵێ سبەینێ دەڕووخێ، خۆشبینی باشە! بەڵام ئومێدی کازیب بە خەڵکدان باش نیە، لەگەڵ واقیعیات سەروکارمان هەبێ باشترە. لە پاشانیش زمان خاوێنی یەكێک لە خەسڵەتە بەرجەستەکانی ئەدەبیاتی حیزبی دێموکرات بووە، ناڵێم هەمیشە وابووە، بەڵام بەشی زۆری وابووە، ئەو زمانخاوێنییەش بپارێزن. مەسەلەن من زۆرجار نموونە دێنمەوە ئەتۆ بڵێی فڵان کەس وای گوت، ناوی هیچ کەس نابەم بە باوەڕی من کاریگەریی پتر دەبێ لە گەیاندنی مەتڵەبەکەدا لەوەی کە بڵێی فڵانەکەسی کۆنەپەرستی، نامەردی، پیاوکوژی و... ئەوە هیچ کاریگەریی نابێ، تەنیا وەزنی وتارەکەت، وەزنی قسەکانت دێنێتە خوارێ، چونکە تۆ ڕق دەردەبڕی، پەیامی کابرای ناگەیەنی. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە ناڵێم گرنگتر بەڵام بۆ ئەمڕۆ بە باوەڕی من گرنگە کە لە باری زمانەوە وریاتر بن. ئەمن بێ ئەدەبییشە لە خزمەت نووسەرانی ئێستای کورد لە باشوور و لە هەموو جێگەیەکی، وەختێک گەورە نووسەرەکان دەیانویست لە ، ڕۆژنامەی کوردستان زمانی ئەسیلی کوردی فێر بن کەچی ئێستا نووسەرانی کوردستان لەو کەسانەوە کە بە تایبەتی لەگەڵ ئەدەبیاتی فارسی ئاشنا نین و کەڵکی لێ وەردەگرن فێر دەبن. مەسەلەن ئێمە شەڕئەنگێز دەنووسین، باشە شەڕ ئەنگێز لە زمانی فارسیدا "جنگ‌انگیز" هەیە؟ نیە. یان مەسەلەن کەلیماتێک هەیە بە هەڵە هاتوە، مەسەلەن دەڵێ: "کجا مرحبا؟" کجا مرحبا. پیاوێکی گەورە بەکاری هێناوە ئێستا بووەتە زمانی هەمووان، گۆرانی شاعیر بەکاری هێناوە، چون گوێی لێ بووە کە فارسێک دەلێ: "کجا بر کجا؟" ئەو وای لێ حاڵی بووە، ئەوە هەموو بەکاری دێنن. باشە ئێمە دەزانین "کجا مرحبا" هیچ مەعنای نیە، ئەو تەعبیرە لە کوردیدا دەڵێ: چی بەسەر چیەوەیە؟ لە فارسیدا دەڵێ: "کجا بر کجا"، لە عەرەبیدا کە ئەو زمانەی کە من شارەزاییم هەیە شتێکی وەک "کجا بر کجا" دەڵێ: "این هذا من ذاک"، ئەمە لە کوێ و ئەوی دیکە لە کوێ؟ سەعی بکەین بگەڕێینەوە بۆ زمانە ئەسیلەکە. خۆ تاریخ لەو ڕۆژەوە دەست پێ ناکا کە ئێمە دەست پێ دەکەین، بەهەرحاڵ دووبارە سەرکەوتن و بەختەوەری بۆ هەموو لایەک بە ئاوات دەخوازم.