فۆلکێر تورک، کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی هەینی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لەمەڕ بەکارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپێشاندەران و پچڕانی گشتیی ئینتێرنێت لە وڵات هۆشداریی داوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە مافی ناڕەزایەتیدەربڕینی ئاشتیخوازانە لە چوارچێوەی مافی نێونەتەوەییدا ڕایگەیاند؛ تەواوی کوشتنەکان دەبێ بە خێرایی، سەربەخۆ و بە ڕوونی تاوتوێ بکرێت، بکەرانی هەر جۆرە پێشێلکارییەکی مرۆیی دەبێ بە پێی پێوەرە نێونەتەوەییەکان وڵامدەر بن.
هاوکات ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی و دیدەبانی مافی مرۆڤ خوازیاری کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکان دژی خۆپێشاندەران بوون. ئەم دوو دامەزراوە لە بایاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاندووە کە بەرپرسانی ئێرانی لە ٧ی بەفرانبارەوە سەرکوتێکی ترسناکیان دژی خۆپێشاندەران لە تەواوی وڵات دەست پێ کردووە کە بەکارهێنانی نایاسایی هێزەکانی بەناو ئەمنییەتی لە چەک و گرتنی بەربڵاوی خەڵک بە شێوەی سەرەڕۆیانەی لەگەڵ بووە.
لەم بەیاننامەیەدا جەخت خراوەتە سەر ئەوەی کە هێزە بەناو ئەمنییەکان لەوانە، سپای پاسداران و پۆلیسی ئێران بە شێوەی نایاسایی لە چەک، چەکی ساچمەیی، ماشینی ئاوپرژێن، گازی فرمێسکڕێژ و لێدان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران، ترساندن و سزادانی ئەو ناڕازییانەی کە بەشێوەی ئاشتیخوازانە هاتوونەتە سەرشەقام کەڵکی وەرگرتووە.
ئەم دوو ڕێکخراوەیە ئاماژەیان بەوە داوە کە؛ خەڵکی ئێران کە زۆر بوێرانە تووڕەیی خۆیان لە دەیان ساڵ سەرکوتکردن دەردەبڕن و خوازیاری گۆڕانی بنچینەیی دەوڵەتن، جارێکی دیکە لەگەڵ نموونەیەکی دڕندانە و بکوژانە بەرەوڕوو بوونەتەوە کە لەودا هێزە بەناو ئەمنییەکان بە شێوەی نایاسایی تەقە لە خەڵک دەکەن، دەسبەسەرییان دەکەن و لەگەڵ لێدان بەرەوڕوو دەبنەوە.
سەڕەرای هۆشداریدانەکانی ئەم دامەزراوانە و داخوازی ڕێبەرانی وڵاتانی دیکە بۆ پێشگرتن لە توندوتیژی دژی ناڕازییان، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەرەشەکانیان دژی ناڕازییان زۆرتر کردووە.
دوو کاناڵی تلگرامیی تەسنیم و هەواڵدەریی دەنگوڕەنگی ئێران کە لە دەرەوەی ئێران لە بەردەستن بە شێوەی بەربڵاو هەوڵیان داوە بە بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆپێشاندانەکان و کەڵکوەرگرتن لە وشەگەلێکی وەک؛ ئاژاوەگێڕ، سازکردنی نائەمنی، ئاژاوەنانەوە و بەکارهێنانی وشەی شەهید بۆ هێزە نیزامی و ئەمنییەکانییان، چەواشەی ڕاستییەکان بکەن.
پێشتریش ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ڕۆژێک دوای خۆپێشاندانەکانی شەوی پێنجشەممە لە ئێران لە وتارێکدا ناڕازییانی بە کۆمەڵێک تێکدەر، ئاژاوەگێڕ بۆ وڵات ناو برد و ئیددیعای کرد کە ئەوان بۆ دڵخۆشکردنی دڵی سەرۆککۆماری ئەمریکا بیناکان تێک دەدەن و زبڵدانەکان ئاگر دەدەن.
ئەم ئیدعا بێبنەمایانەی ڕێژیم لەکاتێکدان کە خەڵکی ناڕازی بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە دۆخی بژێو هاتنە سەر شەقام و بە شێوەی هێمنانە دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایەتی کرد و هێزەکانی ڕێژیم بوون کە بە سەرکوتی دڕندانە دۆخەکەیان ئاڵۆز کرد.