کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ وڵاتی ترۆئیکای ئورووپایی توندوتیژیی هێزەکانی ڕێژیم دژ بە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێرانیان بە توندی مەحکووم کرد

15:59 - 20 بەفرانبار 2725

 سێ وڵاتی تروئیکای ئورووپایی واتە ئاڵمان، بریتانیا و فەرانسە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وێڕای مەحکوومکردنی توندوتیژی و کوشتنی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران، داوایان لە بەرپرسانی ڕێژیم کرد بە خێرایی ئەو توندوتیژییانە ڕابگرن.

نووسینگەی سەرۆکایەتیی سەرۆککۆماری فەرانسە ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار ڕایگەیاند: "ترۆئیکای ئورووپایی هەوڵی توندوتیژانەی هێزەکانی ئێران دژ بە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە بەتوندی مەحکووم دەکات".

هەروەها ئێمانۆئێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرانسە، کیێر ستارمر، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا  و فرێدریش مێرتێس سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان ڕایانگەیاندووە: "ئێمە زۆر نیگەرانی هەوڵی توندوتیژانەی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێران دژی ناڕازییانین و بە توندی مەحکوومی دەکەین".

هەروەها بەرپرسانی ئەم وڵاتانە داوایان لە بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی تاران کردووە کە وێڕای ڕێزگرتن لە مافی بنەڕەتی ئێرانییان، کۆتایی بەو هەوڵە توندوتیژانەیە بێنن.

شایانی باسە هەواڵدەرییە مافی مرۆییەکان باسیان لە کوژرانی دەیان کەس لەوانەش ٩ منداڵ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کردووە.

پێشتریش کانادا، یەکیەتیی ئورووپا، ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەند وڵات و ڕێکخراوی دیکە لەبارەی دڕندەیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە دژی خەڵکی ناڕازی ئێران هۆشدارییان داوە و بە توندی مەحکوومیان کردووە.