بڵاڤۆکی بریتانیایی "تێلێگراف" لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر ڕاگەیاندنی ئامادەباشیی تایبەتی عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم بە سپای پاسداران بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و لەوبارەوە نووسیویەتی: "ئەو ئامادەباشییەی عەلی خامنەیی بە سپای پاسدارانی داوە، بەنیسبەت ئاستی ئەمنییەتی و ئاگاییەوە چڕتر و گرنگتر لە ئامادەباشیی شەڕی ١٢ ڕۆژەیە".
بڵاڤۆکی بریتانیایی "تێلێگراف" بە ئاماژەدان بە لێدوانەکانی ئەم دواییانەی دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا کە باسی لە ئەگەری هەڵاتنی عەلی خامنەیی کردبوو و هەروەها لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمنییەتیی ڕێژیمیشەوە نووسیویەتی: "ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە ترسی ڕووخانی ڕێژیم و دەسەڵاتەکەی ئامادەباشییەکی داوە کە لە بواری چۆنایەتییەوە چڕتر و گرنگتر لە ئامادەباشیی شەڕی ١٢ ڕۆژەیە".
لەو ڕاپۆرتەدا لە زاری هەمان بەرپرسی باڵای ئەمنییەتیی ڕێژیمەوە باس لەوە کراوە کە خامنەیی بە تەواوی متمانەی بە هێزەکانی ئەرتەش و ئینتیزامی ڕێژیمەکەی نەماوە و چارەنووسی خۆی و دەسەڵاتەکەی بە دەستی سپای پاسداران سپاردووە.
هەروەها بەرپرسێکی باڵای دیکەی ڕێژیم بە تێلێگرافی ڕاگەیاندووە کە "نیزامی کۆماری ئیسلامی هیچکات وەک ئەمجارە هەستی بە مەترسیی جیددی نەکردووە".
شایانی باسە لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کردووە کە خامنەیی لە لایەکەوە ترسی جیددی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و لەلایەکی دیکەشەوە ترسی لە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترامپ هەیە.