گرژبوونەوەی دۆخی نێوخۆیی، نیگەرانیی بەرپرسان و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی زۆر کردووە و ئەمەش وای کردووە کە کاردانەوە نیشان بدەن.
بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، هاوکات لەگەڵ وەگەڕخستنی هێڵە نێوخۆییەکانی تلفۆن بۆ ڕاییکردنی کاروباری ئیداری، کورتەنامەیەک لە زاری خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمەوە بۆ هاووڵاتییان نێردراوە .
خامنەیی پێشتر لە قسەکانیدا ناڕزاییانی بە ئاژاوەگێڕ ناو بردبوو و لەم کورتەنامەیەشدا باسی لەوە کردووە کە چیتر جیاوازییەک لە نێوان ئاژاوەگێڕەکان و ناڕازییاندا نابینین و بە یەک شێواز هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکەین.
هاوکات لەلایەن ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای ڕێژیمەوە کورتەنامە بۆ خەڵک نێردراوە و ڕوو لە دایکان و باوکان باس لەوە کراوە کە ئیزن نەدەن منداڵەکانیان تێکەڵی ناڕەزایەتییەکان بن.
لەم کورتەنامە چەواشەکارانەیەدا، هەوڵ دراوە ناڕەزایەتیی خەڵک کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە ستەمی ڕێژیم بەرانبەر بە خەڵک و نالەباربوونی دۆخی ژیان و ئابوورییەوە هەیە بخرێتە ئەستۆی لایەنی دیکە و ڕایانگەیاندووە بەشداریکردن لەم ناڕەزایەتییانە وەک خیانەت دەبینرێت و سزای بەدواوە دەبێ.
ئەم هەوڵەی ڕێژیم بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک لەکاتێکدایە کە لە ماوەی ٤٦ ڕابردوودا، هەڕەشەکان بەردەوام بوون و خەڵک قەت دەستیان لە داوا ڕەواکانیان هەڵ نەگرتووە.