کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین زانیارییەکان لەسەر ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ئێران

17:05 - 20 بەفرانبار 2725

پاش بەڕێوەچوونی مانگرتنی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ئەمساڵ، لە شارەکانی ئێران و کوردستاندا خەڵکی ناڕازی هاتنە سەر شەقامەکان.

چەند کاتژمێر دوای هاتنەسەر شەقامی خەڵک و گرژبوونەوەی دۆخی نێوخۆیی، هێڵەکانی ئینتێرنێت بەتەواوەتی پچڕان و هەتا ئێستاش پێوەندییەکان لەگەڵ نێوخۆ زۆر دژوارن.

ڕێژیم بە پچڕاندنی هێڵەکانی ئینتێرنێت و هەروەها هێڵەکانی پێوەندیی نێوخۆیی لە ئێران لە هەوڵدایە سەرکوتی خەڵک لە بێدەنگیدا بەڕێوە ببات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتوون، ئەمڕۆ شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، بە هۆی پەککەوتنی کاری ئیدارەکان، ڕێژیم ناچار بووە کە هێڵی تلفۆنی نێوخۆیی لە ئێران کارا بکاتەوە بەڵام هاوکات لەگەڵ تەووابوونی کاتی کاری ئیدارەکان، هێڵەکانی تلفۆن ڕاگیراون.

بەپێی زانیارییەکان ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ئاڵۆزی لە تاران زۆر بەرچاو بووە و   شێوازی هێرشبردنە سەر خۆپێشاندەران لە شەوی هەینیدا زۆر دڕندانە بووە.

دەوترێت هێرشی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر خەڵک بێبەزەییانە بووە بەڵام هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە ڕێژەی قوربانییانی دەستی کۆماری ئیسلامی لەبەر دەستدا نییە. هاوکات لە شەوی هەینیدا ژمارەی کوژراوانی ڕێژیم لە ناڕەزایەتییەکانی تاراندا زۆر بووە.

بە وتەی شایەتحاڵان لە تاران، ناڕازییان لە ئێوارەی پێنجشەممەدا شەقامەکانیان گرتوون و هێزەکانی ڕێژیم نەیانتوانیوە لێیان نزیک ببنەوە بەڵام لە شەوی دواتردا، لەگەڵ ڕژانەسەر شەقامی خەڵک، هێزەکانی سپای پاسداران ڕاستەوخۆ بە چەکی جەنگی تەقەیان لە ناڕازییان کردووە.

هەتا ئێستا بەهۆی پچڕانی ئینتێرنێت و نەبوونی ڕێگای پێوەندی، زانیارییەکان زۆر بە کەمی بڵاو دەکرێنەوە بەڵام بەم حاڵەشەوە لە زۆربەی شارەکاندا ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن.