هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە خۆپێشاندانە ئاشتیخوازانەکەی خەڵکی ناڕازی کوردستان و ئێران لەلایەن هێزە سەکوتکەر و دژەگەلییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تووشی گرژی و ئاڵۆزی بوون، ڕاپۆرتەکان باس لە کوژرانی یەکێک لە هێزەکانی ڕێژیم لە مەشهەد دەکەن.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لەلایەن میدیا فەرمییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، شەوی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، "فەرەجوڵڵا شووشتەری" لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ناوچەی "ئەحمەدئاباد"ی شاری مەشهەد کەوتە بەر ڕق و تۆڵەی لاوانی شۆڕشگێر و کوژرا.
فەرەجوڵڵا شووشتەری پێشتر سەرپەرشتیاری جێگری سیاسی ئەمنییەتی پارێزگای سمنان بووە، هەروەها بەڕێوبەری گشتی ستادی ئێجرایی فەرمانی خومەینی لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری دابینکردنی سەرمایەی بانکی مەسکەن بووە.
ئەو هەروەها کوڕی نوورعەلی شووشتەری، جێگری پێشووی فەرماندەی هێزی زەمینی سپای تێرۆریستی پاسداران بوو کە ساڵی ١٣٨٨ لە هێرشێکی خۆکوژیدا کوژرا.
ناڕەزایەتییەکانی ئەمساڵ لە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە لە بازاڕی گەورەی تاران دەستیان پێ کرد، و کاسبکاران لە کاردانەوە بە دابەزینی نرخی ڕیاڵ، هەڵاوسانی زۆر و گرانیی کاڵا سەرەکییەکان، دووکانەکانیان داخستن و ئەم مانگرتنە بەخێرایی بوو بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەر شەقامەکان.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە هەتا ئێستا هەر جۆرە ناڕەزایەتی، ڕاپەڕین، بزووتنەوە و ناڕەزایەتییەکی هێمنانە و ئاشتیخوازانەی نەتەوەکانی ئێران و داخوازیی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی بە توندوتیژیی بێبەزەییانە و هەڵسوکەوتی دڕندانە وڵام داوەتەوە و هەوڵی کپکردنی هاواری خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانی داوە.