بڵاڤۆکی بریتانیایی "تێلێگراف" لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاماژەی بە دوایین بڕیارەکانی خامنەیی لە دژی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران داوە و ڕایگەیاندووە کە خامنەیی فەرمانی بە سپای تێرۆریستیی پاسداران داوە کە بە دڕندەییەوە ڕووبەڕووی ناڕازییان ببنەوە.
ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار بڵاڤۆکی تێلێگرافی بریتانیایی لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: "عەلی خامنەیی دۆخی ئامادەباشیی سپای پاسدارانی چڕتر کردووەتەوە و پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە بە توندی زیاترەوە دژی ناڕازییان بوەستنەوە".
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئاستی ئامادەباشیی ئەمجارە خامنەیی لە ئامادەباشیی شەڕی ١٢ ڕۆژە چڕترە و ئەوەش دەرخەری ئەوپەڕی ترسی خامنەیی و بەرپرسانی ڕێژیمەکەیەتی لە تووڕەیی خەڵکی ئێران.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە چالاککردنی شارە مووشەکییە ژێرزەوینییەکانی ڕێژیم بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لە دژی هەڕەشە دەرەکییەکان کراوە.
شایانی باسە پێشتریش تێلێگراف لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمنییەتیی ڕێژیمەوە باسی لەوە کردبوو کە خامنەیی بە تەواوی متمانەی بە هێزەکانی ئەرتەش و ئینتیزامی ڕێژیمەکەی نەماوە و چارەنووسی خۆی و دەسەڵاتەکەی بە دەستی سپای پاسداران سپاردووە.
هەروەها بەرپرسێکی باڵای دیکەی ڕێژیم بە تێلێگرافی ڕاگەیاندووە کە "نیزامی کۆماری ئیسلامی هیچکات وەک ئەمجارە هەستی بە مەترسیی جیددی نەکردووە".