لە کاتێکدا ئێران دەچێتە سێیەمین حەوتووی ڕاپەڕینی سەرتاسەری دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ژمارەیەک لە کۆمپانیا فڕۆکەوانییە نێودەوڵەتییەکان، گەشتی ئاسمانیی فڕۆکەوانی خۆیان بۆ ئێران بە شێوەیەکی کاتی ڕاوەستاندووە.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوە فەرمییەکان، ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە ناڕەزایەتییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێران بەربڵاوتر بوون، هێزەکانی ڕێژیم بە توندوتیژی و سەرکوت وڵامی خۆپیشاندانەکانی داوە و نیگەرانییەکان لەسەر دۆخی ئەمنییەتی و بڕینی ئینتەرنێت بەرز بوونەوە.
لەو کۆمپانیایانەی گەشتی ئاسمانی فڕۆکەکانیان بۆ ئێران ڕاوەستاوە، دەتوانرێت ئاماژە بە "قەتەر ئەیروەیز"، "ئیمارات ئەیروەیز"، "تورکیش ئەیرلاینز"، "ئۆستریەن ئەیرلاینز" و "فڵایدوبەی" و هەروەها کۆمپانیا نرخنزمەکان وەک "پێگاسوس" و "ئەیجێت" بکرێت.
ئەم کۆمپانیایانە گەشتی ئاسمانییان بۆ شارەکانی وەک تاران، مەشهەد، تەورێز، شیراز و ئێسفەهان هەڵوەشاندووەتەوە.
داتاکانی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتیی دوبەی نیشان دەدات کە لانیکەم ١٧ فڕۆکەی کۆمپانیای "فڵایدوبەی "گەشتییان بۆ شوێنە جیاوازەکانی ناو ئێران هەڵوەشێنراونەتەوە.
هەروەها "تورکیش ئویرلاینز "ڕایگەیاندووە کە گەشتییان بۆ ئێران هەڵوەشاندووەتەوە کە ئەمەش فڕۆکەکان بۆ پایتەخت و هەندێک شارە گەورەکانی دیکەش لەخۆ دەگرێت.
لە ماڵپەڕی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتیی دۆحەشدا گەشتی فڕۆکەوانیی "قەتەر ئەیروەیز" نێوان دۆحە و تاران وەک فڕۆکەی هەڵوەشێنراو تۆمار کراون.
ئەم شەپۆلەی ڕاوەستاندنی گەشتی ئاسمانی لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێران بەردەوامن.
ئەم ناڕەزایەتییانە هاوکات بوون بە سەرکوتی توندوتیژانەی هێزەکانی ڕێژیم کە بەپێی ڕاپۆرتەکان بووەتە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی کورد و ئێرانی و دەستبەسەرکردنی هەزاران کەسی دیکە.