دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، دووبارە و بە شێوەیەکی ڕوون پشتیوانیی خۆی لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ئێران ڕاگەیاند و وتی ئەمریکا "لە ئامادەیی تەواودا"یە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ئێران بۆ گەیشتن بە ئازادی.
ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" ڕایگەیاند: "ئێران لە نزیکترین کاتدا بۆ ئازادییە، لە هەر کاتێکی تر زیاتر ئەمریکا ئامادەی یارمەتیدانە".
ئەم پەیامە لەکاتێکدا بڵاو کرایەوە کە ناڕەزایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێران بۆ چواردەیەمین ڕۆژ بەردەوام بوون.
هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژۆرناڵ" لە زاری سەرچاوە فەرمییەکانی ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە کە حکوومەتی ترامپ پێداچوونەوەی سەرەتایی کردووە لەسەر شێوەی هێرشکردن بۆ سەر ئێران، ئەگەر پێویست بوو بۆ جێبەجێکردنی هۆشدارییەکانی ترامپ، کە دیاریکردنی ئامانجەکانیشی تێدا بووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە هێرشێکی ئاسمانیی فراوان بکرێتە سەر چەند پێگەی نیزامیی ڕێژیمی ئێران.
سەرچاوەیەکی دیکەش وتوویەتی هێشتا یەکڕیزی لەسەر چۆنیەتیی ئەنجامدان نییە و هیچ کەرەستە یان هێزێکی نیزامی بۆ هێرش ئامادە نەکراوە.
بەرپرسانی ئەمریکایی دەڵێن ئەم گفتوگۆیانە بەشێکن لە پلاندانانی ئاسایی و دووبارە جەختیان کردووەتەوە کە هیچ نیشانەیەک بۆ هێرشی خێرا بۆ سەر ئێران نییە.
شایانی باسە کە دۆناڵد ترامپ پێشتریش پەیامی ڕاستەوخۆی بۆ بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران ناردبوو و هۆشداریی دابوو کە ئەگەر سەرکوت و توندوتیژی دژی خۆپێشاندەران بەردەوام بێت، واشنگتۆن "بۆ ڕزگارکردنی" خۆپیشاندەران هەنگاو دەنێت.
ترامپ هەروەها خۆپێشاندەرانی بە "خەڵکی بوێر" ناوبردووە و ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران تووشی "قەیرانێکی گەورە" بووە.