ئۆتاوا – جۆناتان ویلکینسۆن، ئەندامی پەرلەمانی کانادا، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا وێڕای بەرز نرخاندنی ئازایەتیی خەڵکی ئێران، جەختی لە پابەندیی نەگۆڕی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپێشاندەران و لێپرسینەوە لە ڕێژیمی ئێران کردەوە.
ویلکینسۆن لەم پەیامەدا، نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر بە توندبوونی سەرکوتەکان دەربڕی و بەکارهێنانی توندوتیژی، دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، ترساندن و لەسێدارەدانی خۆپێشاندەرانی بە توندی شەرمەزار کرد. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە کانادا هەنگاوی کردەیی گرتووەتە بەر، لەوانە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ٢١٥ کەسایەتی و ٢٥٦ دامەزراوەی ئێرانی بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و هەڕەشە بۆ سەر ئاشتیی نێودەوڵەتی.
لە بەشێکی تری ئەم بەیاننامەیەدا، ویلکینسۆن وێڕای دژایەتیی ڕاشکاوانەی بۆ سزای سێدارە، داوای وەستاندنی دەستبەجێی لەسێدارەدانەکان، کۆتاییهێنان بە «دادگاییکردنی نمایشی» و تۆمەتی هەڵبەستراو، ئازادکردنی خۆپێشاندەرە دەستبەسەرکراوەکان و گەڕانەوەی ئینتێرنێتی بۆ خەڵک کرد. ئەو جەختی کردەوە کە پشتیوانیی خۆی و حکوومەتی کانادا، بەتایبەت بۆ ژنان، کچان و ئەو گەنجانەی بە ئەنقەست کراونەتە ئامانج، نەگۆڕە و لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەردەوام دەبن لە هەوڵە دیپلۆماتییەکانیان بۆ لێپرسینەوە لە ئێران.