ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، دادە فەریدە مەحموودی خەڵکی ئاوایی سەرهوویە سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە بە هۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو لە بنەماڵەیەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەر لە دایک بوو و لە یەکەم ڕۆژەکانی شەڕی بەرگری لە نیشتمان، شەهابی برای چەکی پێشمەرگایەتیی لە شان کرد. کاک شەهاب مەحموودی ساڵی ١٣٦٣ لە شەڕ لەگەڵ سپای داگیرکەردا شەهید بوو.
شەهیدبوونی کاک شەهاب و ئەو زوڵم و زۆرە کە داگیرکەر بەرانبەر میللەتەکەمان دەیکات، دادە فەریدە دڵنیا دەکاتەوە کە تەنیا ڕێگا خەبات و کۆڵنەدانە.
فەریدە مەحموودی وەک خۆشکی شەهید و وەک کەسایەتییەکی دیار و خۆشناوی ناوچەی ژاوەرۆ بە یەکێک لە هێماکان و سەمبولەکانی نیشتمانپەروەری و دێموکرات بوون دەناسرا.
لەو ساڵانەدا کە خەباتی چەکداری دژ بە هێزی داگیرکەر لە ئارادا بوو، کەمتر هێزێکی پێشمەرگە بووە ڕێی لە ژاوەرۆ و سەرهوویە کەوتبێت و سفرەی گەرم و پێشوازی و هاوکاری و چاونەترسی و ئازایەتیی دادە فەریدەی نەدیتبێت.
دادە فەریدە کەسایەتییەکی جێگای ڕێزی خەڵکی ناوچەکە، ژنێکی هەڵکەوتوو و ئازا و بەخشەندە بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.