ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان دەرخەری ئەوەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی پچڕانی ئێنتێرنێتەوە، سەرکوت و هەوڵە دڕندانەکانی دژی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران زیاتر پەرە پێ داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کوردپا"، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سێ ڕۆژە لە سەرانسەری ئێران ئێنتێرنێتی پچڕاندووە و هیچ پردی پێوەندییەک لەنێوان خەڵکی ئێران و جیهانی دەرەوەدا نییە و ڕێژیم لەو ڕێگەیەوە ئەوپەڕی دڕندەیی و هەوڵی توندوتیژی خۆی بەدوور لە چاوی خەڵکی جیهان بەڕێوە دەبات و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە هێمنانەکانی خەڵک بە ئاگر و ئاسن وڵام دەداتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردپا ڕێژیم بە سەرکوتی سیستماتیک لە ڕێگەی پچڕانی ئێنتێرنێتەوە هەتا ئێستا هەموو جۆرە پێوەندییە دیجیتاڵی و ئێنتێرنێتییەکانی بە سیستمە بانکییەکانیشەوە پچڕاندووە و ئێرانی کردووەتە بەندیخانەیەکی گەورە بۆ ئازادیخوازانی نەتەوە جیاوازەکان و خەڵکی مافویستی ئێران.
زانیارییەکانی کوردپا دەرخەری ئەوەیە کە ڕێژیم لە دووەمین ڕۆژی پچڕاندنی ئینتێرنێتدا لەڕووی ناچارییەوە پێوەندییە نێوخۆییەکانی بۆ چەند کاتژمێرێکی کەم بە مەبەستی ڕاپەڕاندنی کارە ئیدارییەکان چالاک کردووەتەوە و دواتر بە خێرایی پچڕاندوویەتی.
شایانی باسە پێشتریش هەرکام لە بەرپرسانی ڕێژیم، خامنەیی، لاهیجانی، لاریجانی، ڕادان و ئێژەیی هەڕەشەیان لە خەڵکی ئێران کردبوو کە هیچ دەستپاراستن و لێبوردنێک لە بەرانبەر خەڵک لەئارادا نییە.