کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خرۆشانی خەڵک لەگەڵ کەمیی هێزی سەرکوتکەر بەرەوڕوویە

16:36 - 21 بەفرانبار 2725

 بەپێی زانیارییە باوەڕپێکراوەکان، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتی میلیۆنیی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران لەگەڵ کەمیی هێزی سەرکوتکەر بەرەوڕوویە و لە ئەگەری پەرەسەندنی زیاتر و لێشاوی زیاتری خەڵکی خرۆشاوی ئێران کۆنتڕۆڵی شارەکانی لەدەستدا نامێنێت.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئاگادار و باوەڕپێکراوەکان، لە پازدەیەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم وێڕای کەمیی هێزی سەرکوتکەر، ئەندامانی هێزەکانیان ماندوو، بێهیوا و بێ ورەن و ئەوەش ڕێژیمی زیاتر لە هەموو کات لە ڕووخانی یەکجاری نزیک کردووەتەوە.

ئەو زانیارییانە دەرخەری ئەوەن کە بەشێکی بەرچاو لە هێزەکانی ڕێژیم سەرپێچییان لە بڕیاری دڕندانە و توندوتیژی بەرپرسانی باڵای ڕێژیم دژی خەڵک کردووە و هەندێکیشیان دەستیان لە سەرکوت و ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی بێ‌تاوان هەڵگرتووە.

زانیارییەکانی ئەم سەرچاوانە نیشان دەدات کە دۆخی هێزەکانی ڕێژیم لە بواری چۆنایەتی و چەندایەتییەوە لەوپەڕی لاوازیی خۆیدایە و ڕۆژ دوای ڕۆژ لاوازتر دەبێت و ئەگەری سەرکەوتنی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران زۆر زیاتر لە ڕابردوو لەئارادایە.

شایانی باسە ڕاپۆرتە جیهانییەکان باس لەوە دەکەن کە عەلی خامنەیی ترسی جیددیی لێ نیشتووە و متمانەی بە کەسە نزیکەکانی خۆی نەماوە و چارەنووسی خۆی و ڕێژیمەکەی بە سپای تێرۆیستی پاسداران سپاردووە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بڕیاری ئامادەباشیی چڕ و توندی لە دژی خەڵکی ناڕازی بە سپای پاسداران داوە و پێشتریش بەرپرسانی باڵای ڕێژیم هەڕەشەی جیددیان لە خەڵک کردبوو.