کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان خوازیاری ئاساییکردنەوەی خێرای ئینتێرنێت لەلایەن ڕێژیمەوە بوو

16:41 - 21 بەفرانبار 2725

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کردووە کە بە زووترین کات دەسپێڕاگەیشتنی ئینتێرنێت و پێوەندییە تلفۆنییەکان ئاسایی بکاتەوە و کۆتایی بە توندوتیژیی دژی خەڵکی ئێران بێنێت.

ئەو کۆمیتەیە لە ڕاپۆرتی خۆیدا بە پشتبەستن بە زانیاریی ورد و باوەڕپێکراو ڕایگەیاند کە شۆرای باڵای ئەمنییەتیی ڕێژیم فەرمانی بە هێزە سەرکوتکەرەکان داوە کە هەتا کۆتایی ناڕەزایەتییەکان لە سەرکوتی بێبەزەییانەیان بەردەوام بن.

بەپێی زانیارییەکانی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، هێزەکانی ڕێژیم بۆ کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران کەڵکیان لە گولـلەی جەنگی وەرگرتووە و لە دوای پچڕانی ئینتێرنێت، ڕێژیم هەوڵە دڕندانەکانی خۆی بەدوور لە چاوی جیهان زیاتر پەرە پێ داوە.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە هەتا ئێستا سەدان کەس لە خەڵکی پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و لوڕستانی بە تەقەی ڕاستەوخۆ شەهید کردووە و هەروەها لەنێو شەهیدەکاندا ٤٠ منداڵ و مێرمنداڵ هەن.

 شایانی باسە لە بەرانبەریشدا کۆمەڵێک لە ئەندامانی هێزە مرۆڤکوژەکانی ڕێژیم لەلایەن خەڵکی تووڕە و وەزاڵەهاتووی ئێرانەوە لەنێو براون.