بەپێی ڕاپۆرتی ئێکۆنۆمیست، ١٠ی ژانویەی ٢٠٢٦، کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانە بەرفراوانە نێوخۆییەکان و هەڕەشە جیدییە دەرەکییەکاندا، زۆر لەرزۆک و ترساو دەردەکەوێت.
خۆپیشاندانەکان کە لە ٢٨ی دێسەمبەرەوە بە مانگرتنی فرۆشیارانی مۆبایل لە تاران دەستی پێ کرد، ئێستا بۆ دڵی ئابووری، واتە بازاڕی گەورەی تاران و شارەکانی دیکە پەلی هاوێشتووە. بەهای ڕیاڵ بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی دابەزیوە و هەر دۆلارێک بە نزیکەی ١.٥ ملیۆن ڕیاڵ (١٥٠ هەزار تمەن) مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە دەسەڵاتدارنی کۆماری ئیسلامی لە سیناریۆی ڤێنێزۆئێلا تۆقیون و خەریکی تاوتوێکردنی «قوربانیکردنی ڕێبەر بۆ پاراستنی تەواوی سیستەم»ن. لەم نێوەندەدا، سەعید لەیلاز، ئابووریناسی نزیک لە ڕژێم، داوای کردووە تا خامنەیی لە بەرژەوەندیی «نیزامییەکی بەدەسەڵات» وەک محەممەدباقر قالیباف دەست لەکار بکێشێتەوە. دەگوترێت قالیباف لە ساڵی ڕابردوودا و لە کاتی خۆشاردنەوەی خامەنەییدا، بە کردەوە کۆنترۆڵی کاروباری بەدەستەوە بووە.
خۆپیشاندانەکان و گوشاری ئابووری بوونەتە هۆی داخستنی قوتابخانە و زانکۆکان بە بیانووی «پیسبوونی هەوا» و بڵاوبوونەوەی وێنەکانی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر نەخۆشخانەکان بۆ دەستبەسەرکردنی خۆپیشاندەرە بریندارەکان، تووڕەیی گشتیی لێ کەوتووەتەوە. مەسعوود پزیشکیانیش بە ڕاشکاوی دانی بەوەدا ناوە کە «هیچ کارێکی لەدەست نایەت» و ڕێکارە ئابوورییەکانی ئەو، لەوانە لابردنی دراوی تەرجیحی، بووەتە هۆی گرانیی توندی کاڵا بنەڕەتییەکان و گوشاری دووقات بۆ سەر هەژاران.
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، دۆناڵد ترەمپ لە ٢ی ژانویەدا هۆشداریی داوە کە ئەگەر ڕژێم خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان سەرکوت بکات، ئەمریکا بۆ ڕزگارکردنیان هەنگاو دەنێت و جەختی کردووەتەوە کە هێزەکانی «ئامادە»ن.
شرۆڤەکاران لەو باوەڕەدان سی و حەوتەمین ساڵی ڕێبەریی خامەنەیی دەکرێت هاوشێوەی سەردەمی ٣٧ ساڵەی محەممەدڕەزا شای پەهلەوی، خاڵی کۆتایی ڕژێم دیاری بکات، بەتایبەتی لە دۆخێکدا کە خەڵکی ئێران بە یەکگرتوویی و مانگرتنە بەرفراوانەکان، گوشار بۆ سەر حکوومەت زیاد دەکەن.