ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤ هۆشداری دا کە لەگەڵ بەرفراوانبوونی خۆپێشاندان دژ بە ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی و تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ لە پچڕاندنی ئینتێرنێت، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەستیان بە کوشتنی بەرچاوی خۆپیشاندەران لە تاران و شارەکانی دیکەدا کردووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، تا ئێستا کوژرانی لانیکەم ١٩٢ خۆپیشاندەر، لەوانە ٩ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ پشتڕاست کراوەتەوە.
هەروەها، ڕاپۆرتە پشتراستنەکراوەکان باس لە کوژرانی سەدان کەس و بەهەڵسەنگاندنی هەندێک سەرچاوە تەنانەت زیاتر لە ٢٠٠٠ قوربانی دەکەن؛ بەڵام بەهۆی پچڕانی ئینتێرنێت و سنووردارکردنی زانیاری، ئەو هەواڵانە تا ئێستا پشتڕاست نەکراونەتەوە.
لە هەمان کاتدا، دادستانی گشتیی کۆماری ئیسلامی خۆپێشاندەرانی بە "موحاربە" تاوانبار کردووە کە لە یاسای ڕێژیمدا دەبێتە هۆکاری لەسێدارەدرانی خۆپێشاندەران.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران وێڕای ئاماژە بە بەردەوامبوونی کوژرانی خۆپێشاندەران و هەروەها مەترسی لەسێدارەدرانی بەرفراوانی دەسبەسەرکراوان، خوازیاری کاردانەوەی خێرای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو.
مەحموود ئەمیریموقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند: "ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پاش داخستنی ئینتێرنێت تاوانێکی نێودەوڵەتیی گەورە دژ بە خەڵکی ئێران ئەنجام دەدات و کۆمەڵگەی جیهانی پێویستە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی ئەم کوشتنانە هەنگاو بنێت".
ناڕەزایەتییەکانی ئەمساڵ لە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە لە بازاڕی گەورەی تاران دەستیان پێ کرد و دووکانداران لە کاردانەوە بە دابەزینی نرخی ڕیاڵ، هەڵاوسانی زۆر و گرانیی کاڵا سەرەکییەکان، دووکانەکانیان داخستن و ئەم مانگرتنە بەخێرایی بوو بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەر شەقامەکان.
زۆربوونی قوربانییان و توندوتیژی و سەرکوت نیشانەی ئەوەیە کە ڕێژیم لەگەڵ قەیرانێکی مێژوویی بەرەوڕوویە.