کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهیدکرانی دوو لاوی کورد لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار لە تاران پشتڕاست کرایەوە

10:02 - 22 بەفرانبار 2725

بەپێی زانیارییەکان شەهیدکرانی دوو لاوی کوردی خەڵکی مەریوان و ئەیوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە تاران پشتڕاست کرایەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتوون، شەهیدکرانی دوو لاوی کوردستانی بە ناوەکانی "ڕۆبینا ئەمنییان" خوێندکاری خەڵکی مەریوان و "محەممەد زەمانی" خەڵکی ئەیوانی ئیلام بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە تاران پشتڕاست کرایەوە.

ڕۆبینا ئەمینییان ٢٣ ساڵە و خەڵکی شاری مەریوان کە خوێندکاری زانکۆی شەریعەتیی تاران بووە، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار لە دوای هاتنەدەرەوە لە زانکۆ و پەیوەستبوون بە ناڕەزایەتییەکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە پشتەوە تەقەی ڕاستەوخۆی لێ کراوە و شەهید بووە.

شایانی باسە ئەو کچە کوردە خەڵکی شاری مەریوانە و لە ئێستادا بنەماڵەکەی نیشتەجێی شاری کرماشانن.

هەروەها یەکێک لە خزمانی ڕۆبینا ڕایگەیاندووە کە ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم ڕێگەیان بە خزم و کەسوکاری ناوبراو نەداوە کە لە هیچ مزگەوتێکی شاری مەریواندا ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی بەڕێوە ببەن.

هاوکات ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ شوناسی "محەممەد زەمانی" یەکێکی دیکە لە شەهیدانی خەڵکی ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە شەهید کرابوو، بۆ بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات پشتڕاست کراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادار و باوەڕپێکراوەکان، "محەممەد زەمانی"، کە باوکی دوو کچە و خەڵکی شاری "ئەیوان" سەر بە پارێزگای ئیلامە، دانیشتووی تارانە و  شەوی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا و بە فیشەکی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی گیانئەستێنی کۆماری ئیسلامی شەهید کراوە.