کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وردەکاریی تاوانە دڕندانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە زاری دایکی شەهید ڕۆبینا ئەمینییانەوە

10:10 - 22 بەفرانبار 2725

دایکی ڕۆبینا ئەمینیان کچە خوێندکاری مەریوانی کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم لە تاران شەهید کرابوو، وردەکاریی تاوانەکانی ڕێژیمی ئیسلامی و شەهیدکردنی بەکۆمەڵی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بەتایبەت لاوان لە تاران ئاشکرا کرد.

دایکی ڕۆبینا باسی لەوە کردووە کە کاتێک بەرەو شوێنی تەرمی شەهیدەکان لە نزیکی زانکۆی شەریعەتیی تاران ڕۆیشتوون، تەرمی سەدان لاو کە تەمەنیان لەنێوان ١٨ بۆ ٢٢ ساڵان بووە، بینیوە".

هەروەها دایکی ئەو کچە شەهیدە ئاماژەی بەوە داوە کە بە جەستەی ئەو شەهیدانەوە دیار بوو کە لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەیان لێ کراوە و زۆربەیان سەر و ملیان پێکراوە.

دایکی ڕۆبینا باسی لەوە کردووە کە تەنیا تەرمی کچەکەی من نەبوو، بەڵکوو سەدان تەرمی دیکەم بینی و ئەوەی بەدی دەرکرا تاوانی گەورە بوو.

هەروەها کاتێک بنەماڵەی ڕۆبینا تەرمی کچەکەیان لەنێو ئەو سەدان شەهیدەدا دەبیننەوە بەرەو کرماشان بەڕێ دەکەون هەتا بە خاکی بسپێرن بەڵام ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم پێشیان پێ دەگر‌ێت و ڕێگەیان پێ نادات کچە شەهیدەکەیان ئەسپەردەی خاک بکەن.

ڕۆبینا ئەمینییان ٢٣ ساڵە و خەڵکی شاری مەریوان کە خوێندکاری زانکۆی شەریعەتیی تاران بووە، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار لە دوای هاتنەدەرەوە لە زانکۆ و پەیوەستبوون بە ناڕەزایەتییەکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە پشتەوە تەقەی ڕاستەوخۆی لێ کرا و شەهید بوو.