کەیهان کەلهوڕ هونەرمەندی ناوداری کورد لە هەڵوێستێکی کەموێنەدا بە ڕاشکاوانە وێڕای پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران داوای لە هونەرمەندان و مۆسیقیدانەکانی هەموو ئێران کرد کە پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە ڕەواکانی خەڵکی ئێران بکەن.
ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٤، کەیهان کەلهوڕ لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، نووسیویەتی: "زیاتر لە چوار دەیەیە کە کەمانچەکەم بەسەر تەرمی ئازیزترین کەسەکانمدا گریاوە. ئەمڕۆ داوا لە هەموو مۆسیقیدانەکان دەکەم پەیوەست بە هاواری خەڵکی ئێرانەوە بن".
لە درێژەدا ناوبراو نووسیویەتی: "ئەم بێبەزەییبوونە کە کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئێران دژی هاووڵاتییان ڕەچاوی دەکات بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ٢ هەزار کەس".
شایانی باسە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانبار، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە نۆروێژ شەهیدبوونی ١٩٨ کەس لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە پشتڕاست کردەوە.
لە ماوەی ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا سەدان کەسایەتیی سیاسی، فەرهەنگی و هونەری، مەدەنی لە کوردستان و ئێران پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران دەربڕیوە.