کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی یوونیسێف لەمەڕ توندوتیژی دژ بە منداڵان لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران

10:49 - 22 بەفرانبار 2725

لە دوای بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ لە کوردستان و ئێران، سندووقی جیهانیی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یوونیسێف" بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی، نیگەرانیی قووڵیی خۆی لە دۆخی منداڵان و بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بەوان دەربڕی.

یوونیسێف لەو بەیاننامەیەدا بە ڕوونی باس لەوە دەکات کە ژمارەیەک منداڵ لەو ناڕەزایەتییانەدا کوژراون یان بریندار بوون و ئەمەش دژ بە هەموو بنەماکانی مافەکانی منداڵ و پابەندبوونی نێودەوڵەتییە.

بە وتەی ئەم دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، "منداڵان دەبێت لە هەر شێوەیەک لە توندوتیژی، گرتن یان هەڕەشەی ژیان و تەندروستییان پارێزراو بن".

لە بەشێکی دیکەدا، یوونیسێف هۆشداریی بە هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم دا کە لە بەکارهێنانی هێزی ناپێویست دوور بکەونەوە، چونکە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، منداڵان نابێت بکەونە ناو بارودۆخێک کە ژیان یان ئازادییان بخاتە مەترسیەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی باس لەوە دەکەن کە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی ئەو ماوەیە، ژمارەیەک منداڵی ژێر ١٨ ساڵ لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون و تەنانەت منداڵانی بچووکیش لە سەرکوتکارییەکەدا پارێزراو نەبوون.

شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی بە بڕیاری ڕاستەوخۆی خامنەیی لە ڕێگەی هێزە ئەمنییەتی و بەسیج و چەکدارەکانی دیکەی سەر بە ڕێژیم، هەوڵی داوە ناڕەزایەتییەکان بە توندوتیژی کۆتایی پێ بهێنێ و ڕاپۆرتەکان تا ئێستا باس لە شەهیدبوونی سەدان کەس و برینداربوون و دەسبەسەرکرانی هەزاران کەسی دیکە دەکەن.