کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهیدبوونی چوار کوردی خەڵکی چنارانی خوراسان و لاوێکی خەڵکی کرماشان پشتڕاست کرایەوە

12:20 - 22 بەفرانبار 2725

بەپێی زانیارییە باوەڕپێکراوەکان، شوناسی چوار هاونیشتمانیی کوردستانی خەڵکی شاری "چنارانـ"ـی خوراسان بە ناوەکانی ڕۆحۆڵڵا ستارەموشتەری، مێهدی وەلیدووست، مێهدی قوربان‌دووست و مورتزا جەهانبەخش وەرانلوو لە تاران و بەیات سوبحانی خەڵکی ئاوایی شمشێر سەر بە شاری پاوە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم شەهید کراون، پشتڕاست کرایەوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ ئەو ٤ هاونیشتمانییە کوردەی خوراسان بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم شەهید کراون.

زانیارییەکانی ژووری هەواڵ دەرخەری دەخات کە ئەم هاونیشتمانییانە بەشێوەی ئامانجدار، لە پشت سەرەوە و بە مەبەستی کوشتن بەتایبەت سەر و بەشی سەرەوەی جەستەیان پێکراوە و بەم هۆیەوە دەسبەجێ یان پاش ڕاگوێزران بۆ نەخۆشخانە لە کاتژمێرەکانی سەرەتادا شەهید کراون.

هەروەها شوناسی یەکێکی دیکە لە شەهیدانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە کرماشان بە ناوی "بەیات سوبحانی" بۆ ژووری هەواڵی ناوەندەی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات پشتڕاست کراوەتەوە کە بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم شەهید کراوە.