کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری جیهانی بۆ سەر تاران؛ لە بێرلینەوە تا تۆکیۆ

16:04 - 22 بەفرانبار 2725

 

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی خۆپێشاندانە جەماوەرییەکان لە ئێران، شەپۆلێک لە هەڵوێستی نێودەوڵەتی دژ بە سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی دروست بووە. بەرپرسانی ئەڵمانیا، یەکێتیی ئورووپا و ژاپۆن بە ڕاگەیاندنی هاوسۆزییان لەگەڵ "خەباتی ڕەوای خەڵکی  ئێران"، جەختیان لەوە کردەوە کە پەنابردن بۆ توندوتیژی دژ بە هاووڵاتییان نیشانەی لاوازیی سیاسییە نەک دەسەڵات.

فریدریش مێرتس، ڕێبەری پارتی یەکێتیی دێموکراتی مەسیحیی ئاڵمان و کەسایەتیی دیاری ئۆپۆزیسیۆن، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی سەرکوتەکانی کرد و ڕایگەیاند ئەرکی هەر حکومەتێک پاراستنی خەڵکە، نەک هەڕەشەکردن لێیان. بە وتەی ئەو، بەکارهێنانی هێز دژ بە خۆپێشاندەران دەربڕی لاوازیی ڕێژێمە لە بەرامبەر ئیرادەی خەڵکدا.

ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئورووپا، ئەویش بە ئاماژەدان بە توندتربوونی سەرکوتەکان ڕایگەیاند کە یەکێتیی ئورووپا گۆڕانکارییەکانی ئێران بە وردی چاودێری دەکات و "پشتیوانی لە خەباتی ڕەوای خەڵکی ئێران بۆ ئازادی دەکات".

حکومەتی ژاپۆنیش لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، دژایەتیی ڕوونی خۆی بۆ بەکارهێنانی هێز بەرامبەر بە خۆپێشاندانی ئاشتییانە ڕاگەیاند و داوای چارەسەرکردنی دەستبەجێی قەیرانەکە لە ڕێگەی مەدەنییەوە کرد.

ئەم هەڵوێستە هەماهەنگانە، نیشانەی زیادبوونی گوشاری نێودەوڵەتی و تەریککەوتنی زیاتری کۆماری ئیسلامییە لە بەرامبەر داواکارییەکانی خەڵکی ئێراندا.