کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی بۆ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هاوکات لەگەڵ کوشتاری بەرفراوانی خۆپێشاندەران

16:26 - 22 بەفرانبار 2725

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، شەوی یەکشەممە ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤ و هاوکات لەگەڵ کوشتاری خۆپێشاندەران، بە فەرمی سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتیی بۆ کوژراوانی هێزە سەرکوتکەرەکانی خۆی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو ماوەیە ڕاگەیاند.

خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم پێشتر لە کورتەنامەیەکدا رایگەیاندبوو کە چیدیکە جیااوازییەک لە نێوان ناڕزاییان و بە قسەی خۆیان ئاژاوەگێرەکاندا نابیین و هەڵسوکەوتی وەک یەکیان لەگەڵ دەکەن.

ناوبردنی ناڕازییان بە ئاژاوەگیڕ لەلایەن ڕێژیمەوە، بیانوویەک بۆ سەرکوتکردنی نارەزایەتییەکان و کوشتاری بێبەزەییانە لەلایەن ڕێژیمەوەیە.

لە بڵاوکراوەی هەیئەتی دەوڵەتی ڕێژیمدا هیچ ئاماژەیەک بە هاوڵاتییانی کوژراو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکان بە تایبەتی دوای پچڕانی ئینتێرنێت و ڕۆڵی هێزە ئەمنییەتی و چەکدارەکان لە کوشتنی خۆپێشاندەراندا نەکراوە.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە هەمان ڕۆژ ڤیدیۆیەک لە کۆمەڵێک پەیکەری خۆپێشاندەرە کوژراوەکان لە "کەهریزەک" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەوە، بەڵام ئەم کوشتارە بێ‌بەزەیانەی هاووڵاتییان هیچ جێگایەکی لە بڵاوکراوەی ڕێژیم و ڕاگەیاندنی ماتەمینیی گشتیدا نییە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا خۆپێشاندەران و گەلانی ناڕازیی ئێران بە "تێرۆریست" ناسێندراون.

ڕاگەیاندنی ماتەمینیی گشتی بۆ کوژراوانی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرت و بەڵگەنامەکان، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە چەکی گەرم ژمارەیەکی زۆر لە خۆپێشاندەرانیان لە ئیلام، کرماشان، لوڕستان و شارە جیاوازەکانی دیکەی ئێران شەهید کردوون و هەزاران کەس بە چەکی ساچمەیی و جۆرەکانی دیکە بریندار کراون.

ڕێژیم بە شاردنەوەی ڕاستییەکان و گۆڕینی تاوانبار بۆ قوربانی، لە هەوڵدایە ڕەوایی بە سەرکوتکارییەکانی خۆی و درێژە بە کوشتاری هاووڵاتییان بدات.

ئەم ماتەمینییە گشتییە بۆ هێزەکانی رێژیم لەکاتێکدایە کە بەپێی زانیارییەکان دەیان تەرمی نەناسراو لە ساردخانەکاندا ماونەتەوە و هێشتا شوناسی ژمارەیەکی زۆریان ڕوون نەبووەتەوە.