کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی بنەماڵەی گیانلەدەستداوانی فڕۆکەی ئۆکراینی پشتیوانیی خۆیان لە ناڕەزایەتیی بازاڕییان ڕاگەیاند

10:39 - 13 بەفرانبار 2725

ئەنجومەنی بنەماڵەی گیانلەدەستداوانی فڕینی پی ئێس ٧٥٢ی فڕۆکەی ئۆکراینی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، وێڕای پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی بازاڕییانی ئێران، توندوتیژی دژی خەڵکی ناڕازییان بە دژایەتیی کەرامەتی مرۆڤ و پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ زانیوە.

لە بەیاننامەی ئەو ئەنجومەنەدا، پێداگریی لەسەر ناڕەزایەتی، مانگرتن و داخستنی دووکان و بازاڕ وەک مافی مەدەنی و یاسایی هاووڵاتییان بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی و داواکاریی مافەکانیان کراوە.

بە وتەی ئەو ئەنجومەنە، کاردانەوەی ڕێژیم بەنیسبەت داخوازییەکان لە ڕێگەی توندوتیژی و بەکار‌هێنانی هێزە سەرکوتکەر و لیباس شەخستییەکان، دەسبەسەرکردنی بەربڵاو و تەقەی ڕاستەوخۆ لە خەڵکی وەزاڵەهاتوو، نە تەنیا نایاساییە بەڵکوو پێشێلکاریی ئاشکرای مافی مرۆڤە.

ئەنجومەنی بنەماڵەی گیانلەدەستداوانی فڕینی پی ئێس  ٧٥٢ بە ئاماژەدان بە داخوازیی ناڕەزایەتییەکان ڕایانگەیاند کە ناڕازییان لە یەکەم ڕۆژی ئەو ناڕەزایەتییەوە بەڕوونی خوازیاری لەنێوچوونی کۆماری ئیسلامی بوون و هاوارەکانیان سەرووتر لە ناکارامەیی و گەندەڵیی سیستماتیک بوو.

هەروەها لەو بەیاننامەیەدا، گیانلەدەستدانی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە کە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوە لە شەشەمین ساڵوەگەڕی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرایینییەکە لەلایەن ڕێژیمەوەیە، بە "کارەساتبار و ناخهەژێن" لە قەڵەم دراوە.

لە درێژەدا بەیاننامەی ئەو ئەنجومەنەدا داوای ڕاگرتنی خێرای سەرکوتی توندوتیژانە لەدژی ناڕازییان، وڵامدەربوونی ڕوون و سەربەخۆ لەبارەی گیانلەدەستداوان، بریندارەکان و دەسبەسەرکراوان، ئازادکردنی خێرای تەواوی دەسبەسەرکراوان، ڕێزگرتنی تەواو لە مافی ناڕازییان، کۆبوونەوەی هێمنانە و ئازادیی ڕادەربڕین کراوە.

لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە لە بەرانبەر بکوژان و بکەرانی ئەو جینایەتانەدا، نە لە بیری دەکەین و نە دەیانبوورین.