بەپێی زانیارییە باوەڕپێکراوەکان، لە سەرانسەری کوردستاندا ڕێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی هەموو هێزە بەدناوەکانی خۆی بۆ سەرکوت و کوشتوبڕی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان خستووەتە ئامادەباشیی چڕەوە و ڕێکاری دژەمرۆڤانە و ڕێوشوێنی مێلیتاریزەکردنی توندی بەسەر کوردستاندا زاڵ کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان هەموو جاش و بەکرێگیراو و پاسدارەکانی ئامادەی کوشتوبڕی نەتەوەی کورد کردووە و ئەوەی چەکدارە ئامادە و ئەوەی بێ چەکە چەکداری کردووە.
زانیارییەکانی دەرخەری ئەوەن کە بەکرێگیراوانی ڕێژیم شەوانە بە تەقەکردنی هەڕەمەکی و کوژاندنەوەی ڕووناکیی سەر شەقامەکانی شار و کۆڵانی ئاواییەکان دەیانهەوێت کەشی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکدا بڵاو بکەنەوە.
ڕەشبگیری و دەسبەسەرییە سەرەڕۆیانەکانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم زیاتر لە جاران پەرەیان سەندووە و خەڵکێکی زۆری بێتاوان ڕاپێچی سیاچاڵەکانی ڕێژیم کراون.
ماوەی چوار ڕۆژە ڕەوتی پچڕاندنی ئینتێرنێت بەردەوامە و هەموو جۆرە پێوەندییەکی ئینتێرنێتی و ئاسایی پچڕاوە و لە ئێستادا هەموو خەڵکی کوردستان و ئێران لە تاریکیی دیجیتاڵیدا ژیان بەسەر ئەبەن.
هەروەها زۆربەی قوتابخانە، بانک و ئیدارە و دامودەزگاکان کە کاری خەڵک و پەروەدەیی دەکەن، داخراون.
نەمانی پارەی نەختینە لە بازاڕەکان، گرانی و کەمیی پێداویستیی خۆراکی یەکێکی دیکە لە هەوڵە دژەمرۆییەکانی ڕێژیم دژ بە خەڵکی کوردستان و شوێنەکانی دیکەی ئێرانە.
هەروەها هێزە دژیگەلییەکانی ڕێژیم بە نەخۆشخانە، دەرمانخانە و بنکە تەندروستییەکانیان ڕاگەیاندووە کە هەر جۆرە بریندارێک کە چ بە چەکی گەرم و چ بە چەکی سارد بریندار بوو و هاتە لاتان دەبێ ئاگادارمان بکەنەوە و هەروەها بە هەموو دەرمانخانەکانیان ڕاسپاردووە کە فرۆشتن و پێدانی دەرمان و کەرەستەی چارەسەرکردنی برین قەدەغەیە و لە حاڵەتی ئەوتۆدا ناوەندە بەناو ئەمنییتییەکانی ڕێژیم دەبێت ئاگادار بکەنەوە.
شایانی باسە ڕێژیم هاتوچۆی شار و شارۆچکە و ئاواییەکانی بەتایبەت خاڵە سنوورییەکانی ڕوو بە نێوشار یا بە پێچەوانەوە سنووردار کردووە و لە زۆربەی شوێنەکاندا خاڵی پشکنینیان داناوە و کەلوپەلی تاکەکەسیی خەڵک دەپشکنن.
یەکێکی دیکە لە هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ پچڕاندنی پێوەندیی نێوان خەڵکی کوردستان و ئێران لەگەڵ جیهانی دەرەوە، پارازیت خستنە سەر کاناڵە ماهوارەییەکانە.