کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوانی فەرمی لەژێر سایەی پچڕانی ئینتێرنێت و شاردنەوەی ڕاستییەکان

18:21 - 22 بەفرانبار 2725

بەپێی ڕاپۆرتی هەندێک سەرچاوە، لە تاران لە ماوەیەکی کورتدا ژمارەیەکی زۆر لە برینداربوونەکان تۆمار کراون و لە هەندێک نەخۆشخانە باس لە قوربانییانی زۆر و گواستنەوەی تەرمی کوژراوان کراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە و لە زاری یەکێک لە شایەتحاڵان، شەوی هەینی ١٩ی بەفرانبار، لانیکەم ٦٠٠ نەشتەرگەری بۆ بەتاڵکردنی چاو لە نەخۆشخانەی فارابی تاران ئەنجام دراوە.

لە هەمان شەودا ٢٤ پەیکەری کوژراوانی خۆپێشاندان بۆ نەخۆشخانەیەکی "نازی‌ئاباد"ی تاران ڕاگوێزران و بەیانی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم هەموو ئەو کوژراوانەیان ڕفاندوون.

هەروەها لە شارەکانی دیکە وەک شیراز، هەواڵەکان باس لە کێشەی کەمبوونی خوێن و زەختی لەڕادەبەدەر لەسەر نەخۆشخانەکان دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، هەواڵەکان ئاماژە بە بەکارهێنانی چەکی شەڕکەر و فیشەکی ساچمەیی دەکەن، شێوازێک کە پێشترش لە سەرکوتی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکاندا تۆمار کراوە.

لە هەمان کاتدا، "نێت بلاکس"، ڕێکخراوی سەربەخۆی چاوەدێریی ئێنتەرنێت لە جیهان ڕایگەیاندووە پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێران زیاتر لە ٨٤ کاتژمێرە کە بەردەوامە.

ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی ڕێژیم بتوانێت ئاستی ڕاستەقینەی قوربانییان بشارێتەوە و ڕای گشتی بە ئاراستەیەکی دیکەدا ببات.

هەرچەند زانیارییە بڵاوکراوەکان لەلایەن هەندێک سەرچاوەوە هاتوون و بەهۆی پچڕانی ئینتێرنێت نەتوانراون بە شێوەی تەواو پشتڕاست بکرێنەوە، بەڵام پچراندنی ئینتێرنێت، ڕانەگەیاندنی هیچ ئامارێکی فەرمی، ڕێگرتن لە میدیا سەربەخۆکان و ڕفاندنی تەرمی کوژراوان نیشانەی توندوتیژی و تاوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژ بە خۆپێشاندەرانە.