
پەیمان ئابجامە
ئەگەر بەسەرپێی چاوێک بە مێژووی خەباتی خوێندکارانی ئێران بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی بخشێنین، هیچ قۆناغێک بەدی ناکەین کە تێیدا باسی پەیوەندی، دۆستایەتی و بەشداریی نێوان خوێندکاران و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران و کوردەواری نەکرابێت. لە هیچ وێستگە و قۆناغێکی پڕۆسەی سیاسی و نەتەوەیی کوردستاندا، لاپەڕەیەک ناخوێنینەوە کە گوزارشت لە هاوگوتاری و هاوپەیمانیی نێوان خوێندکاران و هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردی نەکات.
لە مێژووی نوێی ئەم خەباتەشدا، بەتایبەت پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و هاتنەسەرکاری ڕێژیمی تیۆکراتی و کۆنەپەرستی ئاخوندی و بەهۆی داسەپاندنی سیاسەتی چەند ساڵەی دەسەڵات و حکوومەتداریی پیاوانی توندئاژۆ و مەزهەبی لە ئێران، لەو ماوەیەشدا کەمترین حاڵەت دەبینینەوە کە خوێندکارانی کوردستان دەوری سەرەکییان نەدیتبێت و لە پێشەوەی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لە خەباتی سیاسی و مەدەنی بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و دێموکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەشدارییان نەکردبێت.
هیچ شرۆڤەکار و شارەزایەکی خەباتی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نکۆڵی لە خەباتی خوێندکاری ناکات بە دژی زوڵم و زۆرداری و هەموو ئامرازەکانی داگیرکاری و شێوازەکانی چەوسانەوەی نەتەوەیی بە دەستی ڕێژیمی ئاخوندی. لە کەس شاراوە نییە کە لەم ڕێگەیەدا سەدان خوێندکار شەهید بوون یان خراونەتە کونجی زیندانەوە یان ئاوارەی هەندەران کراون، یا هیچ نەبێ لە خوێندن و وەرگرتنی زانست بێبەش کراون و لە زانکۆکان دەرکراون. ئەم ڕەوتە خوێندکارانی ئێرانیش دەگرێتەوە؛ خوێندکارانی زۆربەی زانکۆکانی شارە گەورەکانی ئێران هەمیشە لە پێشەوەی شەپۆلی بەرینی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلانی ئێراندا بوون. بەشێوەیەکی گشتی لە سەرانسەری ئێران خوێندکاران تێکەڵاوی هەموو چالاکییە ناڕەزایەتییەکان بوون کە لە ماوەی ٤٧ ساڵی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بەڕێوە چوون. هەر بۆیە ڕێژیم بۆ سزادانی خوێندکاران لە هەموو زانکۆکان کۆمیتەی ئینزیباتیی دروست کردووە تا هەموو چالاکییەکانی خوێندکاران بخاتە ژێر چاوەدێریی هێزە ئەمنییەکان.
لە وڵاتێکی وەک ئێرانی نادێموکراتیک و دیکتاتۆردا، کە تاقمێکی ئاخوند هەموو دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەریی وڵاتی پاوان کردووە، بزاڤی خوێندکاری تەنیا لە چوارچێوەی داخوازە پیشەیی و سێنفییەکاندا و لە بازنەی مافەکانی شارۆمەندیدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو لە بازنەی سیاسەت و خەبات بۆ ڕووخانی ڕێژیم خۆی دەبینێتەوە و تێکەڵاوی هاودەنگیی کۆمەڵگەی سیاسی دەبێت و ئاڵاهەڵگری خەبات بۆ ئازادی و دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەبێت.
ئێمە بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕابردوو، دەپڕژێینە سەر نوێترین بزاڤی خوێندکاری. یەکەم: شۆڕشی ژینا، کە کچە کوردێک لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە شەهید کرا و دواتر سەرهەڵدانێکی بەرینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لێکەوتەوە. لەو شۆڕشەدا خوێندکاران زانکۆیان کردە سەنگەری بەرخۆدان و بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و ستەمی دەسەڵاتی ئاخوندی و لەو ڕاستایەدا خوێندکاران هاوتا لەگەڵ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بێبەری نەبوون لە کوشتن و زیندانیکردن و بێڕێزی پێکردن لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بۆیە لە ئەساسدا دەکرێ بڵێین خوێندکارانی کورد بەبێ هیچ ڕکابەرێک یەکەم ڕەوت بوون کە هەوڵیان دا سنووری ئایدیۆلۆژیی دەسەڵات ببەزێنن و نەچنە ژێر کۆنترۆڵ و چوارچێوەی سیاسەتی چەقبەستووی ئەو ڕێژیمەوە. واتە ڕاپەڕینی زانکۆ لە ساڵی ١٤٠١ درێژەدەری دەیان ساڵی بزاڤی خوێندکاریی کورد لە ڕابردوو بوو و جارێکی تر "نا"وتن بە ڕێژیم و نیشاندانی هێز و توانای زانکۆ بوو بە دەسەڵاتی حاکم.
دووەم: بزاڤی خوێندکاری کە پێویستە ئاماژەی پێ بکرێ، ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییانەی خەڵکی ئێرانە کە لە ڕێکەوتی ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی لە پایتەختی ئێران واتە تاران سەری هەڵدا و تا ئێستاش بەردەوامە و زۆربەی شارە گەورەکان و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتووەتەوە. بۆیە هەر زۆر زوو خوێندکارانی بەهەڵوێستی ئێران و بەتایبەت کوردستان، هەڵوێستی ڕادیکاڵانە و دەنگی گۆڕانخوازیی خۆیان خستە پاڵ دەنگی هەموو چین و توێژەکان و بوون بە پێشەنگی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان.
لە ڕاستیدا هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو ناڕەزایەتییانەی ئێستای وڵاتی ئێران، لەبەر گرانیی دۆلار بەرامبەر بە تمەنی ئێرانی و بەگشتی قەیرانی ئابووری بوو کە هەموومان دەیبینین، بەڵام هەر لە سەرەتاوە دروشمەکانی خۆپێشاندەران بەسیاسی کران و هاواری ڕووخانی کۆماری کۆنەپەرستی ئیسلامیی ئێرانیان بەرز کردەوە و دەنگی حەقخوازانەی خۆیان بە گوێی ئەو ڕێژیمە گەیاند. لە بەرامبەریشدا، کۆماری ئیسلامی نەک هەر نایەوێت کێشەی بژێویی خەڵک و مافە ڕەواکانی نەتەوەکانی ئێران دابین بکات، بەڵکوو هاوشێوەی بزووتنەوەکانی پێشوو دەستی داوەتە تاوان و کۆمەڵکوژیی خۆپێشاندەران؛ بەجۆرێک کە ڕۆژانە ئاماری دەستبەسەرکراوان و قوربانییان لە سەرانسەری ئێراندا لە هەڵکشاندایە. لەم نێوەندەدا، خوێندکارانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشکێکی زۆریان لەو تاوانانە بەرکەوتووە کە ئەو ڕێژیمە دژەگەلییە ئەنجامی دەدات. دوایین نموونەی ئەم تاوانانە، کوژرانی خوێندکاری تەمەن ٢٢ ساڵی کورد "ڕۆبینا ئەمینییان"ـە لە زانکۆی شەریعەتیی تاران. ئەو بە فیشەکی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم گیانی لە دەست دا؛ ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی تەنیا کوشتن و سەرکوتە و پێویستە ناوەندە مرۆییە جیهانییەکان لێی بێدەنگ نەبن.
ئەوەی کە جێگای سەرنج و تێڕامانە، ڕێژیم تا ئێستا دەستی بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بە شێوازێکی زۆر کارەساتخوڵقێن کردووە؛ هەر لەو پەیوەندییەشدا بۆ ماوەی زیاتر لە ٧٢ کاتژمێرە کە تۆڕی ئینتەرنێتی لە سەرانسەری ئێران پچڕاندووە و تەنانەت هیچ کەس ئاگای لە دۆخی ئێستای ئێران و بەتایبەت خوێندکاران لە زانکۆکاندا نییە.