ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤، مەهسا زارعی ٣٣ ساڵە و چالاک لە بواری مەدەنی و کولتووری ومافی ژنان خەڵکی کرماشان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکان دەسبەسەر کراوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ هێزە سەرکوتکەرەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم چالاکە کوردە و دەسبەسەریان کردووە.
ناوبراو پێشتریش لە جۆزەردانی ئەمساڵدا لەلایەن هێزە بەناو ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە گیرابوو.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم چالاکە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە سەرکوتکەرەکان لەم پێوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە بەناوئەمنیەکانی ڕێژیم ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."